عومەر سەید عەلی: دەبین بە پارسەنگی بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان
06/10/2019
عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەوە دەكاتەوە كە بزوتنەوەکەیان نەبوە بە پارسەنگی هیچ لایەك، بەڵكو بوە بە پارسەنگی بەرژەوەندییەکانی خەڵك.
لەمیانی كۆبونەوەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانی سنوری پشدەر و بیتوێن، عومەر سەید عەلی رێكخەری گشتیی بزوتنەوەکە رایگەیاند: لەدوای (2005)وە كە دەستور دانراوە بۆ عێراق، تا ئێستا چەندین کێشە و کەموکوڕی بونی هەیە لە هەمو ئەو دامودەزگایانەی کە بۆ بەرگری لە مافی خەڵک پێویستن، بەڵام دەسەڵات خۆیانی لێ دەدزێتەوە. بۆ نمونە لە دوای (2005)ەوە تائێستا ئەنجومەنی ئیتیحادی بونی نیە، دادگای ئیتیحادی كە لە دوای دەستور دەبێت یاسای بۆ دەربكرێت، بۆی دەرنەكراوە و لەژێر ركێفی خۆیاندایە. كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە عێراق چەندین دۆسیەی ئابڕوبەرانەی تێدایە، بەڵام چارەسەر ناكرێت، لەلایەکی ترەوە بەغدا خۆی لە لامەركەزیەت دەدزێتەوە و دەیانەوێت جارێكی دیكە بمانبەنەوە بۆ مەركەزیەت. كێشەكانی هەرێم لەگەڵ حكومەتی ئیتیحادی، لەسەر كێشەی نەوت و گاز یاسای بۆ دەرناكەن تاكو بزانرێت چۆن نەوت دەفرۆشرێت و چۆن داهاتەكەی وەردەگیرێت و بەش دەكرێت.
وتیشی: ئەمانە هەمو ئەو خاڵە سەرەكییانەن كە ئەم دەسەڵاتە جێبەجێیان ناكات، لەسەرو هەمویانەوە هێزەكانی خۆی بەكاردەهێنێت بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێی سیاسی لەپێناو راماڵینی پێكهاتە جیاوازەكان بە تایبەتی كورد، بۆیە پێویستە ئاگامان لە هەمو روداوەكان و بێت و ئەو دەستورەی كە لانی كەمی مافەكانمانی تێدا جێ بوەتەوە جێبەجێ بێت، ئەمانەوێ مافی سەرجەم پێكهاتە جیاوازەكان بە كەمینەكانیشەوە جێبەجێ بكرێت.
رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان جەختی كردەوە كە، "ئێمە بەپشتیوانی گۆڕانخوازان خۆمان راگرت و نەمانهێشت كەس باڵادەست بێت بەسەرمانەوە، ئەجێندای هیچ دەوڵەتێكی ئیقلیمی و بەغدامان جێبەجێ نەكرد، نە دەبین بە پارسەنگی یەكێتی، نە دەبین بە پارسەنگی پارتی، دەبین بە پارسەنگ بۆ بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان، لەو روانگەیەوە سیاسەتی خۆمان لەبەرچاو رونە و بەرژەوەندیی گەلەكەمان لەبەرچاوەو هەمو كاتێكیش لە ریزی پێشەوەین بۆ هاوكاری لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بەوانەی لە دەسەڵاتن و بەوانەش كە لە ئۆپۆزسیۆنن، بەڵام نابین بە پاشكۆی هیچ لایەنێك.
ئا/ بڕیار نامیق