هەڵسوڕاوانی گۆڕان: هەر هێزێك گوێ لەخەڵك و ئەندامانی بگرێت سەركەوتو دەبێت
06/10/2019
هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان، بە بایەخەوە لە کۆبونەوەکانی خانەی راپەڕاندن لەگەڵ هەڵسوڕاوانی شارو شارۆچکەکان دەڕوانن و جەخت دەکەنەوە، هەر هێزێك گوێ لەخەڵك و ئەندامانی بگرێت، سەركەوتو دەبێت.
مستەفا سەلیم، باژێڕوانی مەکۆی رانیە کۆبونەوەکانی خانەی راپەڕاندن لەگەڵ هەڵسوڕاوان بە گرنگ ناودەبات و دەڵێت: هەمو كۆبونەوەكان گرنگن بەتایبەت کە خانەی راپەڕاندن دەچنە لای گۆڕانخوازان و بەرنامەی كاری دوساڵی داهاتویان بۆ روندەكەنەوەو سود لە رەخنە و بۆچونی گۆڕانخوازان وەردەگرن.
پێشیوایە، کۆبونەوەکان بایەخی خۆی هەیەو پێویستە سەركردایەتی گۆڕان و هەڵسوڕاوان لە پەیوەندییەكی بەردەوامدابن و لەیەكتری دانەبڕێن.
تاڵیب خدر، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات، ئەوەی جێی دڵخۆشییە "ئەمجارە لە خانەی راپەڕاندندا هەم نەوەی نوێ و هەم نەوەی كۆن تێكەڵاو بوە، ئەم تێكەڵاوبونە كۆمەكێكی باشی گۆڕان دەكات بەوەی لە رێگەی ئەزمون نەوەی كۆن و تواناو وزەی نەوەی نوێ بزوتنەوەكە بەرەو پێش ببەن".
وتی: "بونی ئەو كۆبونەوانە بە گرنگ دەزانم بۆ ئەوەی سەركردایەتی گۆڕان و گۆڕانخوازان لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان لە كارلێك و پەیوەندییەكی بەردەوامدابن و بتوانن لە رێگەی گفتوگۆ و كۆبونەوەكانەوە هەم گۆڕان نوێ بكەنەوەو هەم بەرنامەكانی گۆڕان لە حكومەتدا بەرەوپێش ببەن".
سەباح محەمەد، هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان جەخت دەکاتەوە، کە گۆڕان لە خەڵكەوە سەرچاوەی گرتوەو كاری سەرەكی گوێگرتنە لە خەڵك و هەڵسوڕاوان و دەشڵێت: "هەر هێزێك گوێ لەخەڵك و ئەندامانی بگرێت، بە دڵنیاییەوە سەركەوتو دەبێت".
روخۆش حەمە، هەڵسوڕاوێکی تری بزوتنەوەی گۆڕانە کە پێیوایە، كۆبونەوە لەگەڵ خەڵك گرنگە بەتایبەت كە گۆڕان لەسەر نەریتی گوێگرتن لە خەڵك و لایەنگرانی بەردەوامە، وتیشی: "پێویستە كۆبونەوەی خانەی راپەراندن و هەڵسوڕاوانی گۆڕان بكرێت بە نەریتێك و بەردەوام بێت، چونكە خودی رەوانشاد نەوشیروان مستەفا یەكێك لە تایبەتمەندییە گرنگەكانی گوێگرتن و گفتوگۆكردن بو لەگەڵ خەڵك و هەڵسوڕاوان".
ئا/ سابیر عەبدوڵا
فۆتۆ/ بڕیار نامیق