گۆڕان كونسوڵخانەو باڵیۆزخانەكان بۆ چاودێری هەڵبژاردن ئاگادار دەكاتەوە

19/09/2018

بزوتنەوەی گۆڕان
بەفەرمی كونسوڵخانەو باڵیۆزخانەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ چاودێری كردنی هەڵبژاردنی
پەرلەمانی كوردستان ئاگادار دەكاتەوە و داوا لە وڵاتان دەكات رێگری لە ئەنجامدانی ساختەكاری
بكەن. هاوکات یەكێتی ئەوروپاو ئەمەریكاو نێردەی یونامی و بەریتانیاو چەند وڵاتێكی تر
ئامادەیی خۆیان بۆ چاودێری كردنی  پرۆسەكە دەربڕیوە.

ژوری پەیوەندیە دیپلۆماسییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان كونسوڵخانەو
باڵیۆزخانەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ چاودێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان
ئاگادار دەكاتەوە و لە نامەیەكی فەرمیدا داوا دەكات هەوڵەكانیان بۆ رێگری كردن لە ئەنجامدانی
ساختەكاری بخەنەگەڕ.

هۆشیار عومەر عەلی، رێكخەری ژوری پەیوەندیە دیپلۆماسییەكانی بزوتنەوەی
گۆڕان رایگەیاند؛ لە نامەیەكی فەرمیدا زانیاری پێشوەختەیان داوەتە سلكی
دیبلۆماسی
وڵاتان سەبارەت بە هەڵبژاردنەكەی (30)ی ئەیلولی پەرلەمانی كوردستان، لەو
چوارچێوەدا
گۆڕان زانیاری دەربارەی نەریتە دژە دیموكراتیەكانی هێزە سیاسیە
باڵادەستەكانی هەرێم
و پیلانەكانیان خستوەتەڕو.

لە وەڵامی هەوڵەكانی ژوری پەیوەندیە دیپلۆماسییەكانی گۆڕان
و لە كۆبونەوە سەرەكییەكان لەگەڵ گۆڕاندا، یەكێتی ئەوروپاو ئەمەریكاو نێردەی یونامی
و بەریتانیاو چەند وڵاتێكی تر ئامادەیی خۆیان بۆ چاودێری كردنی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی
پەرلەمانی كوردستان دەربڕیوە.

ئاگاداركردنەوەی كونسوڵخانەو باڵیۆزخانەكانی هەرێمی كوردستان
و عێراق لە ئەگەری هەوڵی ساختەكاری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتێكدایە،
لە (12)ی ئایاری ئەمساڵ و لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران، پارتی و
یەكێتی بۆ مانەوەیان ساختەكاری گەورەیان كردو تا ئێستاش بزوتنەوەی گۆڕان دانی بە ئەنجامی
هەڵبژاردنەكەدا نەناوە.


هەواڵی زیاتر