عومەر سەید عەلى: گەلەکەمان پێویستى بە یەکڕیزییە بۆ پاراستنى قەوارەى هەرێم

19/10/2019

رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان ئەو مەترسییانە دەخاتەڕو کە ئێستا لەسەر ناوچەکە و عێراق و هەرێمى کوردستان هەن و دەڵێت: "ناکۆکى و هەڵچون و دەستوەردان لە کاروبارى عێراق و ناوچەکە لە بەرژەوەندى وڵاتان، کاریگەرى لەسەر ناوخۆى عێراق و هەرێمى کوردستانیش دەبێت، بۆیە ئەمڕۆ گەلەکەمان پێویستى بە یەکڕیزیی و ئارامییە، پێویستى بە یەکڕیزیى لایەنە سیاسیەکانە لەپێناو پاراستنى قەوارەى سیاسى هەرێمى کوردستان".

ئەمڕۆ پێنجشەممە (17/10/2019) رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان و ئەندامانى خانەى راپەڕاندن لەگەڵ هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانى دەربەندیخان کۆبونەوە، لە وتەیەکدا عومەر سەید عەلى رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان باسى لەو قۆناغە سەختانە کرد کە لەماوەى رابردودا و دواى کۆچى دوایى رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بزوتنەوەکەى پێدا تێپەڕیوە، بەڵام گۆڕانخوازان لە تەواوى ئۆرگانەکان توانیان جوامێرانە روبەڕوى ئاستەنگ و هەڕەشە و پەلامارەکان ببنەوە و پارێزگارى لەو ئەمانەتە بکەن کە لە ئەستۆیاندا بوە.

هەروەک ئاماژەى بە خراپى دۆخى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان کرد لە چەند ساڵى رابردودا و رونیکردەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان بۆ ئەنجامدانى چاکسازى و روبەڕوبونەوەى گەندەڵى و باشکردنى ژیانى خەڵک لەسەر بنەماى رێککەوتن کە لەکارنامەى حکومەتدا جێ کراوەتەوە، بەشداریى کابینەى نۆیەمى کردوە و چاویان لە جێبەجێکردنى ئەو کارنامەیەیە.

رێکخەرى گشتى ئاماژەى بە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانى بزوتنەوەى گۆڕان و هەڵبژاردنى خانەى راپەڕاندن و ویستى خۆڕێکخستنەوە و ئامادەکارییەکان کرد بۆ بەستنى کۆنفڕانسى نیشتیمانى.

هەر لەو کۆبونەوەیەدا، عومەر سەید عەلى باسى لە دۆخى ناوچەکە و ئەو مەترسییانە کرد کە لە ئارادان و وتى:" ناکۆکى وڵاتانى ئیقلیمى و وڵاتانى زلهێز وایکردوە ناوچەکە هەمیشە لە هەڵوێست و دۆخى هەڵچوندا بێت، دەستوەردان لە کاروبارى عێراق دەکرێت و هەریەکە و لە روانگەى بەرژەوەندى خۆیەوە سەیرى دەکات، ئێمەش بەشێکین لەم عێراقە و ئەو مەترسیانەى لە ناوچەکە و لەسەر عێراقن رو لە ئێمەش دەکەن، بۆیە ئەمڕۆ گەلەکەمان پێویستى بە یەکڕیزیی و ئارامییە".

وتیشى:"گەلەکەمان پێویستى بە یەکڕیزى لایەنە سیاسیەکانە، بۆئەوەى بەو هێز و لایەنانەوە کە لە دەسەڵاتن و ئەوانەش کە ئۆپۆزسیۆنن پێکەوە ئەم قەوارە سیاسەى هەرێم بپارێزن لە پارچە پارچەبون و دو ئیدارەیى و دەستوەردانى دەوڵەتانى ناوچەکە، ئەرکى بزوتنەوەى گۆڕانە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانى دیکە داواى یەکڕیزى بکات، بەڵام یەکگرتویى شکڵى نا، بەڵکو یەکڕیزى و یەکگرتویى بۆ پاراستن و بەهێزکردنى قەوارەى هەرێمى کوردستان لەسەر بنەماى ئەو رێککەوتنانەى کراون و هەستکردن بە بەرپرسیارێتى".


 

دەربەندیخان/ پاڤێڵ عەبدولڕەحمان

 


هەواڵی زیاتر