رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندن لەگەڵ هەڵسوڕاوانی سنوری سۆران کۆبونەوە
20/10/2019
لەدوایەمین کۆبونەوەی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە (19/10/2019) لەگەڵ هەڵسوڕاوانی سنوری مەکۆکانی سۆران و چۆمان و رواندز و شەقڵاوە کۆبونەوە.
عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: گۆڕان بۆ ئەوە نەچۆتە حکومەت کە رۆڵی رۆبۆتێکی کارتۆنی ببینێت، یاخود بۆ دژایەتی یەکێتی یان لایەنێکی تر بەشداری حکومەتی کردبێت، بەڵکو بۆ ئەوە بەشداری لەحکومەت کردوە تاکو بتوانن خزمەت بەخەڵکی کوردستان بکەن.
وتیشی: شەش مانگ مۆڵەت دراوە بە پارتی بۆ ئەوەی ئەدای حکومەت بسەلمێنن، لەدوای ئەو شەش مانگە، شەش مانگی تریش مۆڵەت دەدەنەوە بەلایەنی پێکهێنەری حکومەت، ئەگەر ئەو لایەنە هەر نەیتوانی بنەماکانی پێکهێنانی حکومەت و شەراکەتی راستەقینە و خزمەتی خەڵک پیشان بدات، ئەوا بەدڵنیاییەوە گۆڕان لەو حکومەتە دەکشێتەوە.
لەبەشێکی تری وتەکانیدا رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان باسی لەخۆنوێکردنەوەی گۆڕان کرد و وتی: گلەیی زۆر لە پێکهاتەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەکە دەگیرا، بەڵام ئێستا (60%)ن پێکهاتەی خانەی راپەڕاندن گۆڕاوە.
جەختیشیكردەوە كە بەر لەگەیشتن بەساڵی نوێ، کۆنفرانسی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان ئەنجامدەدرێ و بازنەو رایەڵە و جڤاتەکانیش دەگۆڕێن و هەڵبژاردنیان بۆ ئەنجام دەدرێت.
دوای وتەکانی رێکخەری گشتی، هەریەکە لە جەلال جەوهەر و شەماڵ عبدالوەفا و برزۆ مەجید و عەدنان عوسمان ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامەی بزوتنەوەكەیان بۆ داهاتو خستەڕو و دواتریش هەڵسوڕاوان بە سەرنج و تێبینی و رەخنەكانیان كۆبونەوەكەیان دەوڵەمەند كرد.
سۆران/ ئامانج وەرتێ