عومەر سەید عەلى بۆ باڵیۆزى بەریتانیا: رێگریی بکەن لە گۆڕینى دیموگرافیاى رۆژئاوا

21/10/2019

لە شارى سلێمانى باڵیۆز و کۆنسوڵى بەریتانیا لە عێراق و هەرێم سەردانى بزوتنەوەى گۆڕانیان کرد، رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان داواى لێکردن؛ بەریتانیا رۆڵێکى گرنگ بگێرێت لە رێگریی کردن لە گۆڕینى دیموگرافیاى رۆژئاواى کوردستان.

ئەمڕۆ دوشەممە، هەریەکە لە جۆن ویلیکس باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق و جەیمس سۆرنتۆن کۆنسوڵى گشتى بەریتانیا لە هەولێر، سەردانى بزوتنەوەى گۆڕانیان کرد لە شارى سلێمانى و لەلایەن عومەر سەید عەلى رێکخەرى گشتى گۆڕان و ئەندامانى ژورى پەیوەندییە دبلۆماسیییەکانەوە پێشوازیان لێکرا.

شوناس شێرکۆ ئەندامى ژورى پەیوەندییە دبلۆماسییەکانى بزوتنەوەى گۆڕان بە (سبەى) راگەیاند: لە کۆبونەوەکەدا دۆخى هەرێمى کوردستان و پەیوەندییەکانى نێوان هەرێم و بەغدا و دۆخى رۆژئاواى کوردستان گفتوگۆى لێوەکراوە.

وتیشى :"بزوتنەوەى گۆڕان بە گرنگییەوە لە پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و بەغدا دەڕوانێت و دەخوازێت هەردولا بگەنە رێککەوتن لەسەر شێوازى بودجە و هەر گرفت و کێشەیەکى دەستورى و ئەوەشى بە باڵوێز و کۆنسوڵى بەریتانیا راگەیاندوە".

بەوتەی شوناس شێرکۆ؛ رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان بە پەرۆشییەوە دۆخى رۆژئاواى کوردستانى بۆ وەفدەکە باسکردوەو داوا لە حکومەتى بەریتانیا کردوە، رۆڵێکى گرنگ بگێرێت لە کۆتایهێنان بە شەڕ و ئاڵۆزییەکانى رۆژئاواى کوردستان و رێگرییش بکات لە هەوڵەکانى گۆڕینى دیموگرافیا ناوچەکانى رۆژئاوای کوردستان.

ئاماژەى بەوەکرد، سەردانى جۆن ویلیکسى باڵیۆزى بەریتانیا بەمەبەستى ماڵئاوایی کردن بوە بەهۆى تەواو بونى ماوەکەى لە عێراق.


هەواڵی زیاتر