د.یوسف محەمەد: گەندەڵی و ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان هۆکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکانە

09/11/2019

د.یوسف محەمەد رایدەگەیەنێت؛ بونی گەندەڵی و ئەنجامدانی فێڵ و تەڵەکە لە دواین هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران هۆکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکانی عێراقە. دەشڵێت: "پێویستە کار بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارە بە هەدەر دراوانەی براونەتە دەرەوە."

د.یوسف محەمەد، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا باس لە هۆکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکان دەکات و دەڵێت:" ئەم شەپۆلە ناڕەزاییەی عێراقی گرتۆتەوە، هۆکارەکانی دەگەڕێنەوە بۆ دو بابەتی سەرەکی؛ یەکەمیان گەندەڵییە کە بۆتە هۆی بە هەدەردانی داهاتی عێراق، چونکە لەبری ئەوەی بۆ قازانجی خەڵک و بۆ دۆزینەوەی هەلی کار و بۆ بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری بەکاربێت، لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە و هەندێک لە کاربەدەستانی کوردیشەوە چ لە بەغدا و چ لە هەرێمی کوردستانیشدا ئەم داهاتانە بە فیڕۆ دەدرێن."

وتیشی: "هۆکاری دوەم ئەو فێڵ و تەڵەکە بەردەوامانەیە کە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا دەکرێن و بە تایبەتیش ئەوەی لە دوا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا کراون و کۆی پرۆسەی سیاسی عێراقی خستە ژێر پرسیارێکی گەورەوە".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان بە پێویستی دەزانێت کار بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارە بە هەدەر دراوانەی لە عێراقدا براونەتە دەرەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق و بەشێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە، هەروەک: "ئەوە پێویستی بە هەموارکردنەوەی یاسای گەڕاندنەوەی ئەو پارانە هەیە تا ئەژمارە بانکیەکانی کاربەدەستانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بانکە بیانییەکاندا ئاشکرا بکرێن و هەروەها لە پەرلەماندا دەستکراوە بە کارکردن لەسەر ئەم هەوڵە و ژمارەیەک هەوڵی دیکەش".


هەواڵی زیاتر