گۆڕان: بەندکردن و راگرتنی رۆژنامەنوسان پێچەوانەی یاسای رۆژنامەگەریە

13/11/2019

رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی رایدەگەیەنێت: بەندکردن و راگرتنی رۆژنامەنوسان لەکاتی لێکۆڵینەوەدا پێچەوانەی یاسای رۆژنامەگەریە و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان کار بە یاسا کارپێکراوەکان بکەن.

دلێر عەبدولخالق، رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: بەندکردن و راگرتنی رۆژنامەنوسان لەکاتی لێکۆڵینەوەدا پێچەوانەی یاسای رۆژنامەگەریە لە هەرێمی کوردستان، هەربۆیە پێویستە دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان و هێزە ئەمنییەکان کار بە یاسا کارپێکراوەکان بکەن و ئاستەنگە یاساییەکانی بەردەم رۆژنامەنوسان بۆ گەیشتن بە زانیاریەکان گەورەتر نەکەن".

ئاماژەی بەوەکرد؛ بزوتنەوەی گۆڕان بە بایەخەوە لە ئازادی رۆژنامەگەری دەڕوانێت و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ رۆژنامەنوسان تا بتوانن ساناتر دەستیان بە زانیارییەکان بگات، بە ئەولەویەتی کاری سیاسیی خۆی دەزانێت.

راگەیەندراوەکەى رێکخەرى ژورى رۆژنامەوانیى بزوتنەوەى گۆڕان لەکاتێکدایە، لەماوەى (24) سەعاتى رابردودا هەر دو رۆژنامەنوس؛ ئامانج ئەحمەد پەیامنێرى (سبەى) لە سۆران و ئازاد عوسمان بەڕێوەبەرى رادیۆى دەنگ لە کەلار دەستبەسەرکران.


هەواڵی زیاتر