ژوری رۆژنامەوانی: خۆڕێکخستنەوەی گۆڕان بەردەوام دەبێت
14/11/2019
ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ رۆژى شەممە جڤاتى
نیشتیمانى کۆبونەوەى تەواوکارى ئەنجام دەدات و خۆڕێکخستنەوەی گۆڕان
بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژورى رۆژنامەوانى بزوتنەوەى گۆڕان
راگەیەندراوێکى لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبونەوە تەواوکارییەکەى جڤاتى نیشتیمانى
بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە؛ تەوەرى سەرەکى کۆبونەوەى جڤاتى نیشتیمانى
گفتوگۆکردن دەبێت لەبارەى دۆخى رێکخراوەیى و درێژەدان بە هەنگاوەکانى
خۆڕێکخستنەوەى گۆڕان بەتایبەت پرسى هەڵبژاردنە ناوخۆییەکان و ئامادەکارى بۆ
کۆنفڕانسى نیشتیمانى.
شەممەى رابردو جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى
گۆڕان کۆبوەوە و چەند گفتوگۆى لەبارەى چەند تەوەرێکەوە کرد و دواتر بڕیارى
لەبارەوە درا، ئەوانیش هەڵبژاردنى سێ رێخکەرى ژورەکانى (رۆژنامەوانى،
حکومەت و ناوچە دابڕێنراوەکان) و دروستکردنى ژورى توانستى مرۆیى و
هەنگاوەکانى خۆڕێکخستنەوە و خۆ نوێکردنەوە. دواى کۆبونەوەکەش برزۆ مەجید،
ئەندامى خانەى راپەڕاندن لەگەڵ خستنەڕوى ناوەڕۆکى کۆبونەوەکە و بڕیارەکان،
رایگەیاند کۆبونەوەکە بە کراوەیى هێڵراوەتەوە و رۆژى شەممە (16/11/2019)
جڤاتى نیشتیمان-ى دوبارە کۆدەبێتەوە.