گۆڕان: پێویستە حکومەتى عێراق بەرپرسیارێتى ئەو ناوچانە لە ئەستۆ بگرێت کە تیرۆریستان دزەى لێوە دەکەن

05/12/2019

بزوتنەوەى گۆڕان ئیدانەی ئەو هێرشە تیرۆریستیانە دەکات کە هێزی پێشمەرگە و هاونیشتیمانیان دەکەنە ئامانج و داوا لە حکومەتی عێراق دەکات بەرپرسیارێتی پاراستنی ناوچە سنورییەکان لە ئەستۆ بگرن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ژورى رۆژنامەوانى بزوتنەوەى گۆڕان راگەیەندراوێکى لەبارەى هێرشەکانى شەوی رابردو بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان و هێزى پێشمەرگەى کوردستان بڵاو کردەوە و تێیدا هاتوە؛ وەک روداوی پەلاماری چەند رۆژ لەمەوبەر، هێزە تاریکپەرستەکانی داعش لە ناوچە کوردستانیە دابرێنراوەکان پەلاماری هێزەکانی پێشمەرگەیاندا ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و بریندار بون.

بزوتنەوەی گۆران، بەتوندی ئیدانەی ئەم هێرشە تیرۆریستیانە دەکات کە زیاتر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی عێراقەوە دزە دەکەنە ناوچەکە و هێزی پێشمەرگە و هاونیشتیمانیان دەکەنە ئامانج، لەم سۆنگەیەوە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین بەرپرسیارێتی پاراستنی ئەو ناوچەنە لە ئەستۆ بگرن و هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا بکەن و لەرێی پلانی سەربازی تۆکمەوە ئامادەباش بن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرش و مەترسیەک.

 

راگەیەندراوی رۆژنامەوانی

بەداخەوە شەوی رابردو، وەک روداوی پەلاماری چەند رۆژ لەمەوبەر، هێزە تاریکپەرستەکانی داعش لە ناوچە کوردستانیە دابرێنراوەکان پەلاماری هێزەکانی پێشمەرگەیاندا ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و بریندار بون.
بزوتنەوەی گۆران، بەتوندی ئیدانەی ئەم هێرشە تیرۆریستیانە دەکات کە زیاتر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی عێراقەوە دزە دەکەنە ناوچەکە و هێزی پێشمەرگە و هاونیشتیمانیان دەکەنە ئامانج.
هەروەک سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدە نەمرەکان و، پێزانینمان بۆ جوامێری هێزەکانی پێشمەرگە هەیە کە دڵسۆزانە بەرگری لە خاک و خەڵک و ئاسایشی هەرێم و ناوچەکە دەکەن و هیوای زو چاکبونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
لەم بارودۆخەی هەرێمی کوردستان و عێراق پێدا تێدەپەرێت، بزوتنەوەی گۆران بە نیگەرانیەکی زۆرەوە دەروانێتە هەوڵەکانی تیرۆستانی داعش بۆ خۆرێکخستنەوەو دروستکردنی مەترسی زیاتر و، وەک ئاکامی دورخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایش لەو ناوچانە سەیری دەکات.
لەم سۆنگەیەوە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین بەرپرسیارێتی پاراستنی ئەو ناوچەنە لە ئەستۆ بگرن و هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا بکەن و لەرێی پلانی سەربازی تۆکمەوە ئامادەباش بن بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرش و مەترسیەک.
زۆر پێویستیشە، حکومەتی هەرێم هەوڵە دیپلۆماسیەکانی بخاتەگەڕ بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیەکانی لەگەڵ هاوپەیمانێتی نیۆدەوڵەتی دژ بەداعش و، وەزارەتی پێشمەرگەش وەک وەفا بۆ خوێنی شەهیدە نەمرەکان پەلە بکات لە یەکخستن و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لەچوارچێوەی هێزێکی نیشتمانیی و راهێنراو بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێم و ناوچەدابڕاوەکان کە لە ستراتیجی سیاسیی گۆڕاندا وەک ئەولەویەت جێگیرکراوە.


ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆران
٥ی ١٢ی ٢٠١٩


هەواڵی زیاتر