شیرین ئەمین: گۆڕان هێزی راستەقینەی داکۆکیکاری شەهیدانی قەڵەمە
06/12/2019
شیرین ئەمین هاوسەری كاوە گەرمیانی رایگەیاند: بزوتنەوەی گۆڕان لە کەیسەکانی تیرۆر و کوشتنی رۆژنامەنوسان داکۆکیکاری سەرسەخت و خوڵقێنەری پشتیوانیی جەماوەری بوە بۆ قوربانیەکان.
لە شەشەمین ساڵیادی تیرۆركردنی رۆژنامەنوس كاوە گەرمانیدا كە ئەمڕۆ (پێنجشەممە) لە شاری کەلار بەڕێوەچو، خەڵات بەخشرایە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە و نامەیەکی سەڵاحەدین دەمیرتاش خوێندرایەوە کە لە زیندانەوە نوسیبوی و تێیدا سوپاسی ئامادەبوانی کرد بۆ بەخشینی خەڵاتی کاوە گەرمیانی بە ناوبراو.
هەر لە چوارچێوەی رێوڕەسمەكەدا ژوری رۆژنامەوانیی بزوتنەوەی گۆڕان تاجەگوڵینەی رێز و وەفای لەسەر ئارامگەی شەهید كاوە گەریمانی دانا.
شیرین ئەمین بەناوی بنەماڵەی كاوە گەرمیانییەوە سوپاسی بزوتنەوەی گۆڕانی كرد كە هەم لە كەیسی شەهیدانی قەڵەم و هەم لە كەیسەكانی تریش بەرگریكاری سەرسەخت و راستەقینەی خەڵك بوە، نمونەی ئەوەی هێنایەوە كە لە (17)ی شوباتیشدا هەر بزوتنەوەی گۆڕان خۆی كردە خاوەنی داواكانی خەڵك، لە پرسی شەهیدی قەڵەم سەردەشت عوسماندا، لە پرسی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی و شەهیدەكانی تریشدا هەر بزوتنەوەی گۆڕان توانی رای گشتی بۆ ئەم كەیسانە دروست بكات و پشتیوانی جەماوەرییان بۆ كۆ بكاتەوە.
باسی لەوەشكرد كە گۆڕان پڕۆژەیەكی سیاسیی بێ ركابەر و بێ بەدیلە تاوەكو ئێستا لە پشتیوانیكردنی خەڵك و هەوڵدان بۆ ئەو دەنگە راستەقینانەی كە هەوڵیانداوە راستییەكان بگوازنەوە و لەلایەن دەسەڵاتەوە بونە قوربانی یاخود بەهۆی كاری نوسین و رۆژنامەگەرییەوە تیرۆر كراون.