ناوەڕۆکی کۆبونەوەی هاوبەشی گۆڕان و پارتی

17/12/2019


کۆبونەوەی وەفدی باڵای گۆڕان و پارتی کۆتایی هات و هەردولا جەختیان لەسەر ئەنجامدانی چاکسازیی و هەڵوێستی هاوبەشی کورد لە بەغدا کردەوە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، وەفدی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پیرمام کۆبونەوە، بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر دۆخی سیاسی عێراق و کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا، دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆکی کۆبونەوەکە بۆ رۆژنامەنوسان ئاشکرا کرا.

مەحمود محەمەد، وتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند: لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر پرسی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەردولا  کراوە، هاوڕابوین لەسەر ئەوەی پشتیوانیی لە کارە باشەکانی حکومەتی هەرێم بکەین، لەبەرامبەردا لایەنە سلبییەکان دیاری بکەین بەمەبەستی چارەسەرکردنی.

وتیشی:"بڕیاردراوە ئەو شاندانەی هەرێم کە دەچنە بەغدا، هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی بەغدا هەبێت".

سەبارەت بە پێکهێنانی هاوپەیمانیی فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش، مەحمود محەمەد رایگەیاند: گفتوگۆ و زەمینەسازیی کراوە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی کوردستانی لەنێوان سەرجەم فراکسیۆنەکانی بەغدا، کە پێشتریش هەبوە، لەوبارەیەوە دو کۆبونەوەی چڕوپڕ لە سەرۆکایەتی هەرێم لەنێوان لایەنە سیاسییەکان کراوە".

وتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند: ئامانجی پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەکە ئەوەیە کورد یەک گوتار و بۆچون بێت بۆ بەرگریی کردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان، ئەو هاوپەیمانێتییەش ئەرک و مافە، پێویستە حیزبە بەشدارەکان مافیان هەبێت بەشداربن لەو پۆست و ئەرکانەی لە بەغدا هەیە.

مەحمود محەمەد، ئاشکرایکرد: بڕیاربو رۆژی دوشەممەی رابردو، کۆبونەوەیەکی دیکە سەبارەت بە پێکهێنانی هاوپەیمانی کوردستانی بکرێت، بەڵام بەهۆی کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراقەوە سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان نەیانتوانی بەشدار بن، لە چەند رۆژی داهاتودا ئەو کۆبونەوەیە دەکرێت".

سەبارەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان پارتی و گۆڕانیش، رایگەیاند: هەردولامان هیچ کێشەیەکمان لەسەر رێککەوتنەکە نییە، تەنها تێبینی لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی هەیە، رێککەوتنەکەش پەیوەست نییە تەنها بەو دولایەنەوە، بەڵکو لایەنی سێیەمیش هەیە، کە ئێستا ئەوان سەرقاڵی بەستنی کۆنگرەن، بۆیە نەتوانراوە کۆبونەوەی سێ قۆڵی بکرێت.

هەر لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەوە، دەرباز محەمەد ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: کۆبونەوەکە لەسەر سێ ئاست بو، بۆ دۆخی عێراق بە پێویست زانرا کورد بە گشتی و فراکسیۆنە کوردستانییەکان و حیزیبەکان لە هەماهەنگیدابین، چونکە ئەو قۆناغە زۆر ئاڵۆز و مەترسیدارە، پێویستی بە هەماهانگی زیاترە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخەی عێراق بکەین.

سەبارەت بە پێکهێنانی هاوپەیمانیی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراق لەنێوان فراکسیۆنە کوردستانییەکاندا، رایگەیاند: هێشتا لە قۆناغی دانوستانداین و لەسەر ئەو پرسە نەگەیشتوینەتە قۆناغی کۆتایی، لەم قۆناغەدا ئەگەر هاوپەیمانییش نەبێت، دەکرێت هەماهەنگیمان هەبێت بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، وتی :"لەسەر ئاستی هەرێم، جەختکرایەوە پشتیوانی حکومەت بکەین لە ئەنجامدانی چاکسازیی و ئەو یاسای چاکسازییەی لە موچە و خانەنشینی کە ئێستا لە پەرلەمانە، بەجۆرێک بێت لە بەرژەوەندی موچەخۆری ئاسایی کەمنەکاتەوە، هاوسەنگی دروست بکات لەنێوان موچەی فەرمانبەران و پلەباڵاکان".

دەرباز محەمەد وتیشی :" دۆسیەکانی دیکەی چاکسازیی بەلامانەوە گرنگە، پێویستە چاکسازیی لەداهاتەکانیش بکرێت، بە تایبەتی لە داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەکان و حکومەت هەنگاوی باشتر بنێت".

ئەندامەکەی خانەی راپەڕاندن رایگەیاند: دۆسیەیەکی دیکە کە گفتوگۆی لەسەر کراوە، سزادراوانی سیاسییە، پێویستە بەزوترین کات حکومەت ئەو دۆسیەیە چارەسەر بکات، کە بەداخەوە ئەو حاڵەتانە تائێستاش بەدی دەکرێت، پێویستە ئەو بابەتە تەواو بکرێت و کۆتایی پێبهێنرێت.

سەبارەت بە رێککەوتنی گۆڕان و پارتی، دەرباز محەمەد رایگەیاند: بنەمای رێککەوتنەکە گرنگترە لە هەندێک نیگەرانی و تێبینی، ئێستا لە شەش مانگی سەرەتای کارەکانی حکومەتداین، بەشێکی نیگەرانییەکان سەبارەت بە دواکەوتنی پۆستەکانە، دەبو لە چەند مانگی رابردو یەکلایی بکرایەتەوە، بەڵام ئەوەندەی چاکسازیی گرنکە بەلای ئێمەوە ئەوەندە گرنگ نییە چی پۆستێک وەردەگرین.


هەواڵی زیاتر