ژنانى گۆڕان: پشتگیرى لە داواى رەواى کوردانى هەر چوار پارچەى کوردستان دەکەین

17/12/2019

بۆ دروستکردنى هەماهەنگى و پشتیوانى، شاندێکى ژنانى کۆنگرەى نەتەوەى کورد سەردانى ژنانى گۆڕانیان کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە، لە مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕان لە شارى سلێمانى، شاندێکى ژنانى کۆنگرەى نەتەوەى کورد (کەنەکە)، بە سەرپەشتى شەهلا حەفید، سەردانى ژنانى بزوتنەوەى گۆڕانیان کرد.

نەسرین جەمال، ئەندامى جڤاتى گشتى بزوتنەوەى گۆران، بە (سبەى) راگەیاند: کۆبونەوەکە بۆ دروستکردنى هەماهەنگى و توندوتۆڵکردنى پەیوەندییەکان بوە لە نێوان ژنانى کۆنگرەى نەتەوەى کورد و ژنانى پارتە سیاسییەکانى باشورى کوردستان.

ئاماژەى بەوەکرد، لە کۆبونەوەکەدا، را و سەرنجى بزوتنەوەى گۆڕان دوپاتکرایەوە کە گۆڕان لە خەمى پرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەکاندایە و پشتگیرى داواى رەواى کوردانە لە هەر چوار پارچەى کوردستان دەکات.

هەروەک باسى لەوە کرد، ژنانى کەنەکە بە ئەرێنییەوە لە هەڵوێست و سیاسەتى بزوتنەوەى گۆڕان دەڕوانن، بە تایبەت لە پرسى ژناندا، کە چۆن بە پێى دەستورى گۆڕان ئەگەر هاتو لە هەڵبژاردندا بۆ پۆستێک دەنگى ژنێک و پیاوێک وەک یەک بو، ژنەکە پۆستەکە دەباتەوە.

فۆتۆ؛ باڵا ئاکۆ


هەواڵی زیاتر