وەفدێکی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا سەردانی گۆڕانیان کرد
19/12/2019
پاشنیوەڕۆی رۆژی (چوارشەمە) لەمەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لەشاری سلێمانی، عومەر سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان پێشوازیکرد لە ستیڤن هیکی باڵیۆزی بەریتانیا لەعێراق و جەیمس سۆرنتن کونسوڵی گشتی بەریتانیا لەهەرێم.
لە دیدارێکدا کەهەریەک لە رێکخەری ژوری پەیوەندیە دبلۆماسییەکان و ژمارەیەک لەئەندامانی ئەو ژورە ئامادەی بون، گفتو گۆکرا لەبارەی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و عێراق بەتایبەت پرسی خۆپیشاندانەکانی عێراق، رێکخەری گشتی پشتیوانی دواکاریی رەوا و مەدەنیانەی خۆپیشاندەرانی کرد و لەبارەی پرسی هەمواری دەستوری عێراقیش، رێکخەری گشتی جەختی کردوە لەسەر چەسپاندنی مافەکانی کورد لەدەستوردا، هەروەها جەختیکردەوە لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند بەتایبەت لە پرسی بودجە و نەوت.
لای خۆیەوە باڵیۆزی بەریتانیا پشتیوانیی خۆی و وڵاتەکەی بۆ هەماهەنگی و هاوکاریی زیارتری کورد دەربڕی لە هەمو قۆناغەکاندا.
لەبارەی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستانیش رێکخەری گشتی جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی گۆڕان خزمەتکردنی هاوڵاتیانە لەڕێی چاکسازیی ریشەیی و یەکخستن و بەنیشتیمانیکردنی هێزی پێشمەرگە، لەگەڵ چاکسازیکردن لەسەرجەم بوارەکانی ئابوری و سیاسی و دادوەری.
سلێمانی/ بڕیار نامیق