برزۆ مەجید، یهكریزی زامنی رهخساندنی دهرفهتی گهورهیه لهبهردهمی كورددا
09/01/2020
ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگیەنێت؛ لەئێستادا و بۆ ئەو گۆڕانکاریە گەورە و جۆراوجۆر و ئاڵۆزانەی لە عێراق و ناوچەکەدا دروستبوە، یەکڕیزی لە هەمو کاتەکان گرنگتر و پێویستترە بۆ کورد، دەشڵێت:"لەگەڵ ئەوەشدا یەکڕیزی کۆمەڵێک بنەمای خۆی هەیە کە بریتیە لە پێکەوە ژیانی سیاسی و حیزبی تەندروست و دامەزراوە شەرعیەکانی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەکان".
برزۆ مەجید، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەبارەی پێویستی چۆنیەتی مامەڵە کردنی کورد لەگەڵ ئەو گۆڕانکاری و پێشهاتانەی لە عێراق و ناوچەکە هاتونەتە پێشەوە راگەیاند؛ یەکڕیزی زامنی رەخساندنی دەرفەتی گەورەیە لەبەردەمی کورددا، بێگومان بۆ هەرێمی کوردستان هەمیشە یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسیەکان پێویستە لەپێناو بونی یەک گوتاری سیاسی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێدراوە ناوخۆیی و دەرەکیەکان.
دەشڵێت: "لە هەمو ئەو قۆناغانەی کە هێز و لایەنە سیاسیەکان لە هەرێمی کوردستان یەکڕیز نەبون یاخود دامەزراوە شەرعیەکانی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی راستەقینەی ئەو هێز و لایەنە سیاسیانەیان نەکردوە کە تێیدا بەشدارن، نەتوانراوە سود وەربگیرێت بۆ بەرەوپێشچونی هەرێمەکەمان".
ئەندامەکەی خانەی راپەڕاندن ئاماژە بەوەش دەکات، لەئێستادا لەو گۆڕانکارییە گەورە و جۆراوجۆر و ئاڵۆزانەی لە عێراق و لە ناوچەکەدا دروستبوە، "یەکڕیزی لە هەمو کاتەکان گرنگتر و پێویستترە، بەڵام یەکڕیزی کۆمەڵێک بنەمای خۆی هەیە کە بریتیە لە پێکەوە ژیانی سیاسی و حیزبی تەندروست و دامەزراوە شەرعیەکانی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەکان بکەن، نوێنەری ئەو هێزانەشی کە بەڕێککەوتن بەشداری دەسەڵاتیان کردوە، بۆ هەمویان دەرفەتی یەکسان هەبێت لە بۆچون و دروستکردنی یەکهەڵوێستی و شەراکەتی راستەقینە لە حکومڕانی لەپێناو بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی".
هەروەک جەخت لەوە دەکاتەوە؛ یەکڕیزی راستەقینە، ناوخۆی هەرێم بەرەو پێشەوەچونی زیاتر دەبات و لە عێراقیش مافە دەستوریەکانیش باشتر پارێزراو دەبێت و "لە دروستبونی هەر گۆڕانکاریەکی خوازراو و نەخوازراو، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە سەنگ و قورساییەکی زیاترەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات.