گۆڕان پەیوەستنامەی ئاشتی ناوخۆیی ئیمزا دەکات

22/09/2018

بزوتنەوەی گۆڕان
پێشوازیی لە دەستپێشخەرییەکی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی دەکات و پەیوەستنامەی رێکخراوەکە
بۆ ئاشتی ئیمزا دەکات.

ئەمڕۆ شەممە، شۆڕش
حاجی ئەندامی خانەی راپەڕاندن و ژمارەیەک لە هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی گۆڕان پێشوازییان
لە نوێنەرانی بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی (بان) کرد بۆ وەرگرتن و ئیمزاکردنی پەیوەستنامەی
ئاشتیی رێکخراوەکە، کە ئامانجیان جەخت کردنەوەیە لەسەر بەرجەستەکردنی چەمکی ئاشتی
و پێکەوەژیان و رێگرتن لەهەر کارێک ببێتە مایەی پەشێوی و تێکچونی شیرازەی
کۆمەڵایەتی.

بان،
پەیوەستنامەکەی بۆ ماوەی بانگەشەی هەڵبژادنە و داوا لەلایەنە سیاسییەکان دەکات
پابەندی رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بن و سەرجەم دەزگا
میدیاییەکان پابەندی ئیتیکی کاری پیشەیی بن و دورکەونەوە لە زمانی زبر و ناوزڕاندن
و شکاندن و تۆمەتبارکردنی ناڕەوای کاندیدەکات و رێزگرتن لە مافی یەکتر و
دورکەوتنەوە لە توندوتیژیی و هەر کارێکی نەشیاو کە ململانێیەکان بەرەو گرژی و
لێکترازان ببات.

بزاڤی ئاشتی،
داوای پاراستنی ئارامی و هێمنی شار و شارۆچکەکان و تەواوی هەرێمی کوردستان دەکات
بەتایبەتی لە کاتی دەربڕینی خۆشی و شادی یان لە ئەگەری هەر کێشەیەکدا لایەنەکان بە
گیانی پارێزگاریی کردن لە کۆی پرۆسەکە و بەرژەوەندییە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان
چارەسەری بکەن.

شۆڕش حاجی ئەندامی
خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، بە نوێنەرایەتی بزوتنەوەکە ئیمزای لەسەر
پەیوەستنامەی ئاشتی ناوخۆیی کرد و جەختی لەسەر کارنامەی بزوتنەوەی گۆڕان کردەوە بۆ
پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان و رێزگرتن لە مافی بەرامبەر و بنەمای
سەرەکی کاری بزوتنەوەی گۆڕان کە خەباتی مەدەنی و دور لە توندوتیژییە.

لە کۆتایی
پەیوەستنامەکەدا، بزاڤی ئاشتی داوای کردوە هەمو لایەنەکان هۆشیار بن بەرامبەر
دەستێوەردانەکان بۆ تێکدانی کەش و هەواو و تێکدانی پەیوەندی نێوان لایەنەکان.

 


هەواڵی زیاتر