لە دادگای فیدراڵی سکاڵا لەسەر سەرۆک کۆمار و ئەنجومەنی دادوەریی تۆمارکرا

14/01/2020

لەسەر جێبەجێکردنی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی گۆڕان، لە دادگای فیدراڵی سکاڵا لەسەر ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆکی کۆمار تۆمار دەکات.
د.بەهار مەحمود، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران یاسای کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی ژمارە (31)ی ساڵی (2019) پەسەند کرد، بەمەبەستی یەکسانی دەرفەت و چەسپاندنی دادپەروەری و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و پاک و بێگەرد رێکاری قورعەمان دیاریکردبو بۆ دانانی کۆمسێارەکان، بەڵام رۆحی یاساکە وەکخۆی جێبەجێنەکرا.
ئاماژەی بەوەکردوە؛ ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە ناوەند و لە هەرێمی کوردستان جێبەجێکردنی ئەم یاسایەیان بە لاڕێدا بردوە و بۆ بەرژەوەندی حیزبە باڵا دەستەکان قورعەیەکی کارتۆنیان ئەنجامدا، کە پێشتر بڕیار درابوو کێ دادەنرێت، سەرۆک کۆماریش بێ گوێدانە سوێندە دەستوریەکەی لە (7/1/2020) مەرسومی کۆماریی بۆ دەرکردن.
بەهار مەحمود رایگەیاند: ئەمڕۆ لە رێگەی پارێزەرەوە تانەم لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە بەرز کردەوە بۆ دادگای فیدراڵی پاڵپشت بە بڕگەی سێیەم لە ماددەی (93)ی دەستوری عێراقی، بەوەی کە ئەنجومەنی باڵای دادوەری پێچەوانەی ماددەی (16)ی دەستورو هەردو ماددەی (3و4)ی یاساکە کاری کردوە، سەرۆک کۆمار پێشێلی ماددەی (50)ی دەستوری کردوە لە دەرکردنی مەرسوم بۆ دامەزراندنی کۆمسیارەکان.
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی گۆڕان جەختی کردەوەکە؛ داوای لەسەر ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆک کۆمار بەرزکردوەتەوە، بەو هیوایەی دادگای باڵا بێلایەنی خۆی بپارێزێ و حوکم بدات بە پوچەڵ کردنەوەی رێکاری دانان و ئەنجامدانی قورعەکە و هەڵوەشاندنەوەی مەرسومە کۆماریەکە و دوبارە ئەنجامدانەوەی قورعەکە بە شێوەیەک لەگەڵ دەق و رۆحی یاساکەدا بگونجێت.
دوێنێ یەکشەممە (12/1/2019) لە باڵەخانەی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لەبەردەم دادوەری فایەق زێدان سەرۆکی ئەنجومەنەکە، کۆمیسیارانی نوێی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان سوێندی یاساییان خوارد و بەفەرمیی دەستبەکاربون.
بەپێی یاسای نوێی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، ئەنجومەنی کۆمیسیاران لە نۆ کەس پێکهاتون کە حەوتیان دادوەرن و لەناو دادوەرەکاندا دو دادوەریان پشکی هەرێمی کوردستانن، دو ئەندامەکەی دیکەش راوێژکاری ئەنجومەنی دەوڵەتن و سەرجەمیان بە قورعە دیاری دەکرێن.


هەواڵی زیاتر