رێکخەری گشتی گۆڕان: لەگەڵ سەقامگیری و هێورکردنەوەی گرژییەکانین
15/01/2020
شاندێکی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی باڵیۆزی ئێران لە عێراق، سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد، لە دانیشتنەکەدا رێکخەری گشتی رایگەیاند: لەگەڵ سەقامگیری و هێورکردنەوەی گرژییەکانین.
ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێکی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە سەرۆکایەتی ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانیان کرد و لەلایەن عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی و ژمارەیەک ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە پێشوازیان لێکرا.
لە کۆبونەوەکەدا، عومەر سەید عەلی، رایگەیاند: ئێمە لە ململانێکاندا سیاسەتی بێلایەنی پەیڕەو دەکەین و وەک بزوتنەوەی گۆڕان و لایەنە سیاسیەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ سەقامگیری و هێورکردنەوەی گرژییەکانین.
وتیشی :"ئێران وڵات و درواسێیەکی گرنگە و بە گرنگییەوە لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران دەڕوانین".
سەبارەت بە پرسی بون و مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق، رێکخەری گشتی رایگەیاند؛ روانینی ئێمە ئەوەیە مانەوەی ئەمەریکا و هاوپەیمانان پێویستە، بە تایبەت لە شەڕی دژ بە داعش کە ئێستا لە ناوچە جێناکۆکەکان دەستیان کردوەتەوە بە پەلاماردان و شەڕ، بەوهۆیەوە دۆخێکی عێراق ناسەقامگیر و ئاڵۆز بوە و پێویستە لە بەرژەوەندی خەڵک چارەسەر بدۆزرێتەوە.
لای خۆیەوە، ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، رایگەیاند: پەیوەندییەکانی ئێران و کورد مێژویی و گرنگن، ئێمە خوازیاری سەقامگیری و ئارامین لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
لە بارەی گرژییەکانی ئەم دواییە و توندبونەوەی ململانێکانی نێوان ئێران و ئەمەریکاوە، مەسجدی وتویەتی: کۆماری ئیسلامی ئێران جەنگی ناوێ لەگەڵ ئەمەریکا، بەڵام وڵاتەکەی وەڵامی هەمو هێرشێک دەداتەوە.
سلێمانی/ بڕیار نامیق