ژوری رۆژنامەوانی لەگەڵ بەڕێوەبەری میدیاکان کۆبوەوە

12/02/2020

رۆژی چوارشەمە ١٢/٢/٢٠٢٠، لە مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆران، کۆبونەوەی ژوری ڕۆژنامەوانی و بەڕێوەبەری میدیاکانی ئەنجومەنی قەزاکانی بزوتنەوەی گۆڕان بەڕێوەچو. 
لە سەرەتادا، دلێر عەبدولخالق رێکخەری ژورری رۆژنامەوانی، لە بارەی دۆخی سیاسیی و گۆڕانکارییەکانی عێراق و، پێداگیری گۆڕان لە پەیڕەوکردنی چاکسازی گشتگیر لە هەرێمی کوردستان زانیاری پێویستی خستەڕوو، هاوکاتیش جەختی لەوەکردەوە قۆناغی خۆرێکخستنەوەی یەکە رێکخراوەییەکانی گۆڕان و دانانی رێکخەری ژورەکان و چەند باژیڕوانێک باش چووەتە پێشەوە.
لەبارەی سیاسەتی میدیایش، رایگەیاند: "پلانکاری گونجاو هەیە بۆ بەهێزکردنی دامەزراوە میدیاییەکان و گوتاری میدیایی بزوتنەوەی گۆڕان کە رەنگدانەوەی بەرژەوەندیەکانی خەڵک و پێداویستیەکانی ئەم قۆناغە بێت."
دواتریش بەشداربوان و نوێنەری دامەزراوە میدیاییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان گفتوگۆیەکی کراوەیان لەبارەی بەگەڕخستنی توانستە مرۆییەکان بۆ پشتیوانی ستراتیجی سیاسیی گۆڕان و داڕشتنەوەی چوارچێوەی میدیایی کرد و، جەختیان لە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەری میدیاکان کردەوە بۆ باشتر گەیاندنی هەڵوێست و چالاکیەکان بە خەڵکی کوردستان. 
دواتریش، دەرسگوتارێک لەبارەی (تەکنیکەکانی هەواڵنوسین و رێکخستی زانیارییەکان) لەلایەن مامۆستا ئەرکان رەئوف ئەندامی ژورەی رۆژنامەوانی پێشکەشکرا و، رۆڵ و ئەرکی بەرێوەبەری میدیایی ئەنجومەنی قەزاکان بۆ جێبەجێکردنی پلانکاری ساڵی (٢٠٢٠)ی ژوری رۆژنامەوانی و گەیاندنی هەواڵ و چالاکی و زانیارییەکان بە گرنگ وەسف کرا.  


هەواڵی زیاتر