د.یوسف محەمەد: عەلاوی رەزامەندە کە كورد خۆی وه‌زیره‌كانی دیاری بكات

12/02/2020

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت؛ کاندیدی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ئاماده‌یه‌ كورد خۆی وه‌زیره‌كانی دیاری بكات به‌و مه‌رجه‌ی كه‌سانی دیاری حیزبی نه‌بن و مه‌رجی لێهاتویی و ده‌ستپاكییان تێدا بێت.
د.یوسف محەمەد، سەرۆکی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە وتارێکدا ئاماژە بەوە دەکات، کە د. محه‌مه‌د عه‌لاوی، کاندیدی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دەیەوێت سه‌رپشك بكرێ بۆ دیاری كردنی وه‌زیره‌كانی كابینه‌كه‌ی و كابینه‌یه‌كی وه‌زاری دروست بكات كه‌ به‌ دور بێ له‌ قۆرخكردنی وه‌زاره‌ته‌كان له‌ لایه‌ن حیزب و گروپه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و لیژنه‌ ئابورییه‌كانیان.
دەشڵێت:"وه‌ك پاراستنی تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ێمی كوردستان، عه‌لاوی ئاماده‌یه‌ كورد خۆی وه‌زیره‌كانی دیاری بكات به‌و مه‌رجه‌ی كه‌سانی دیاری حیزبی نه‌بن و مه‌رجی لێهاتویی و ده‌ستپاكییان تێدا بێت".
د.یوسف محەمەد پێوایە نابێت دانوستانی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق به‌ مانه‌وه‌ یان لابردنی كه‌سێكی دیاریكراو ببەسترێتەوە، بۆ ئەوەی کێشە بنچینەییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەتایبەت کێشەی خاک و بودجە و پێشمەرگە نەبنە قوربانی.
سەبارەت بە دروستکردنی هاوپەیمانێتی نێوان فراکسیۆنە کوردییەکانیش لە بەغدا، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێت:"خواستی دروستكردنی هاوپه‌یمانیی كوردستانی له‌ به‌غدا پێویستی به‌ هێنانه‌كایه‌ی بۆچونی هاوبه‌ش هه‌یه‌ له‌سه‌ر چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا، وەک كاری پێكه‌وه‌یی له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و وه‌لانانی به‌رژه‌وه‌ندیی به‌رته‌سكی حیزبی لەو ناوچانه‌ و چاكسازیی ریشه‌یی له‌ مه‌له‌فی نه‌وت و غازی هه‌رێم و ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و شه‌فافیی سه‌رجه‌م داهاته‌كانی هه‌رێم و رێكخستنی چۆنییه‌تی خه‌رج كردنی له‌ چوارچێوه‌ی یاسای بودجه‌ی هه‌رێم".


هەواڵی زیاتر