عەدنان عوسمان: شتێك نییە لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا بەناوی تەوریسی سیاسیەوە

15/02/2020

سكرتێری‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ دیمانه‌یه‌كیدا له‌گه‌ڵ دره‌و میدیا وه‌لامی‌ چه‌ند پرسیارێكی‌ ئه‌و میدیایه‌ ده‌داته‌وه‌ و لەبارەی، پێگە ‌و پۆستەكانی گۆڕان لە حكومەت‌ و دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەكە ‌و بابەتی تەوریسی سیاسی ‌و پێگەی گۆڕان لە كابینەی نوێی حكومەت لە عێراق ‌و پرسی گەندەڵی ‌و دۆسیەی نەوت‌ و ئەدای كاری وەزیرو بەرپرسەكانی گۆڕان لە حكومەت ده‌دوێت.
له‌ سه‌ر پرسی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ میدییانەی‌ كراون له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و پرسی ته‌وریسی‌ سیاسی‌ عه‌دنان عوسمان سكرتێری‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌لێت: بەشێك لەوانەی كە زویرن، پێشتریش پێش ئەوەی باسی تەوریسی سیاسی بكرێت، لەگەڵ كاك نەوشیرواندا كێشەیان هەبوو، قسەیان هەبوو لەسەر شێوازی بڕیاردان، لەسەر میكانیزمەكانی ئیشكردن، لەسەر ئۆرگانەكانیش كێشەیان هەبوو، تا ئەم ساتەوەختە كە ئێمە قسە ئەكەین شتێك نییە لەناو گۆڕاندا كە بەجددی هاتبێتە پێشەوە‌و ناوی تەوریسی سیاسی بێت، تەوریس واتە ئەوەی كە وەرەسەی كاك نەوشیروانە‌و لە شوێنی كاك نەوشیروان دانیشتووەو بۆ نمونە بڕیار دەدات لەسەر چارەنوسی حزبەكە.
ده‌شلێت: ئەوەی كە لای من زۆر گرنگە بزوتنەوە سیاسییەكەیە، بزوتنەوەی گۆڕان چی ئەكات، كێ بڕیاری تێدا ئەدات، بزوتنەوەی گۆڕان جڤاتی نیشتمانی هەیە، جڤاتی گشتی هەیە، خانەی راپەڕاندنی هەیە، ژورەكانی هەیە، تا ئەم ساتەوەختەی كە من تێیدام ئەمانە بڕیار ئەدەن‌ و بڕیاری ئەمانە بووە، لە دەرەوەی ئەم مەنزومەیە پرس بە هەڵسوڕاوەكان كراوە‌و رۆژانە پرسیان پێدەكرێت، بەڵام لە دەرەوەی ئۆرگانەكان پرس بە كەسی تر نەكراوە‌و فەرمایشتی كەسی تر جێبەجێ نەكراوە، بۆیە تا ئەم ساتەوەختە مەسەلەی تەوریسی سیاسی جگە لە بیانویەك هیچی تر نییە، ئەكرێت خەڵك رەخنە لە بزوتنەوەی گۆڕان بگرێت بۆ نمونە بڵێت بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیامەكانی خۆی لایداوە، بڵێت ریفۆرمخواز نییە، بڵێت دەستەمۆ بووە، هەموو قسەیەك واردە، بەڵام بەڕاستی بوترێت هۆكاری ئەوە تەوریسە، من پێموایە دروست نییە.

لەبارەی رێككەوتنی بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی عەدنان عوسمان دەڵێت: ئێمە لە رێككەوتنەكەمان لەگەڵ پارتی پەشیمان نین، پێمانوایە كارێكی زۆر باشی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەبوو كە ئەو رێككەوتنەی كرد، بەنیسبەت پرۆسەی سیاسی لە كوردستان‌و بە نیسبەت خودی بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە كە كۆمەڵێك موئامەرەو كۆمەڵێك نیازی خراپ بەرامبەری هەبوو، پێمانوابوو ئەوە گرنگە، ئەو رێككەوتنە بۆ كاتی خۆشی گرنگ بووە‌و بۆ پرۆسەی سیاسیش لە كوردستاندا ئێستاش گرنگە، ئێستا پابەندی ئەو رێككەوتنەین، بەڵام دەمانەوێت ئەو رێككەوتنە لەو چوارچێوەیەدا كە كاری لەسەر كرا، كە رێككەوتنێك بوو لەپێناو چاكسازی‌ و چاكەی گشتیدا، كاری لەسەر بكەین.

دەشڵێت : ئێمە ئەوەی زۆر كاری لەسەر دەكەین مەسەلەی بەرنامەی حكومەت‌و ئەو رێككەوتنەیە كە كردومانە، تائێستا هەردوو لایەنەكەی تر كە شەریكن لەگەڵماندا پابەندن بەو رێككەوتنە‌و دەیانەوێت كاری لەسەر بكەن، ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەكەین ئەم قسانە لە بواری كرداریدا ببینین، ئێمە ئێستا هەڵسەنگاندنمان كردووە بۆ ئەم ماوەیەی رابردوو، دواتریش بۆ ماوەی داهاتوو بە هەمانشێوە هەڵسەنگاندنی خۆمان ئەكەین، سەیری ئاڕاستەی حكومەتەكە ئەكەین، ئەگەر بەو ئاڕاستەیە بڕوات كە لەچوارچێوەی رێككەوتنەكەدایە ئێمە پابەند ئەبین بەو رێككەوتنەوە.

لەبارەی پرسی چاکسازیەوە سكرتێری‌ جڤاتی‌ نیشتیمانی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دەڵێت: ئێمە پێشتریش پاكێجی چاكسازیمان هەبووە لە زۆر بواردا، لە بواری پێشمەرگە، بواری ئەمنی، بواری نەوت‌و بوارە جۆراوجۆرەكان، ئێستا نیەتێكی باش هەیە لە هەردوولا تەنانەت لەلای یەكێتیش بۆ ئەوەی بتوانین كار لەسەر ئەو بابەتانە بكەین، ئێمە چاوەڕێی دەستەی چاكسازین، بۆ ئەوەی بتوانرێت لەوێ هەنگاوی كرداری بنرێت بۆ ئەوەی ئەو پاكێجانە پێكەوە پێشكەش بكرێت‌و بڕواتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام وەكو باسم كرد چاوەڕێی دەسەڵاتەكانی ئەو دەستەیە دەكەین، چونكە دەبێت چاكسازییەكان لەڕێگەی ئەو دەستەیەوە بكرێن، ئەو دەستەیە فۆرمەڵەی چاكسازییەكان دەكات‌و ئەولەویەتی چاكسازییەكان دیاری دەكات، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئێمە ئەوەی زۆر لامان گرنگە پرۆسەی چاكسازییەكەیە، چونكە ئەوە لە قازانجی خەڵكی كوردستانە.

ئاماژە بەوەشدەکات: لە خولی رابردوودا پرۆژەیەك پێشكەش كراوە‌و دواتر هەڵایەكی لەسەر دروستبووە‌و سەحب كراوەتەوە، كە هەر ئەم پرۆژەیەیە‌و هەندێك گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، ئەمە پرۆژەی چاكسازی نییە، پرۆژەی چاكسازییە لە موچە‌و خانەنشینی، ئەگەر رێژەی بۆ دابنێت لەوانەیە 10%ی پرۆژەی چاكسازی بێت، پرۆژەی چاكسازی ئەبێت لە بواری پێشمەركەدا بكرێت لە بواری ئاسایش‌و لە بواری دادگاكان‌و كەرتی ئابوری‌و پەروەردە‌و هەموو بوارەكانی تردا بكرێت كە پێویستیان بە چاكسازی هەیە، لە موچەخۆرو لە بندیوارو دنیایەك پرسی گرنگ هەن كە دەبێت كاری چاكسازییان تێدا بكرێت كە ساڵانێكی دورو درێژە كاری وێرانكارییان تێدا كراوە، ئەمە كە پێشكەشكراوە، ئێمە پێش ئەوەی رەشنوسەكەی بڕواتە پەرلەمان داوامان كرد كە بەڕوونی بوترێت ئەمە بەشێكە لە هەنگاوە بەردەوامەكانی چاكسازی‌و فیعلەن لە بەیاننامەی حكومەتدا كە یاساكەیان نارد ئاماژەیان بەوەكرد كە ئەمە بەشێكە لە پرۆژەیەكی بەفراوان‌و هەنگاوی گەورەتر بۆ چاكسازی، بۆیە ئەمە بەشێكە، پرۆژەی چاكسازی نییە.
لەبارەی داهاتی نەوتەوە عەدنان عوسمان دەڵێت: ئەو سندوقە دەبێت دروستبكرێت‌ و سەرجەم داهاتەكان بڕواتە ناو ئەو سندوقەوە، ئیتر ئەبێت كۆتایی پێبێت كە كێ ئاگادارەو كێ ئاگادار نییە، ئەوەی كە ئێمە ئاگادارین بەڵێ رێژەیەك دێتە ناو خەزێنەی حكومەتەوە، بەڵام رێژەیەكی تر بەهەدەر ئەدرێت لە نەوت‌و لە غازدا، ئێستا ئەو شەڕەی كە لەسەر غاز هەیە چییە، شەڕی عیسابات ‌و دەستەیە كە لە دەرەوەی یاسا‌و دامەزراوەكانی حكومەت شەڕ لەسەر قوتی خەڵك ئەكەن، ئەوەی لە گومرگەكاندا روئەدات‌و ئێمە هەزارجار فراكسیۆنەكەمان رونكردنەوەی داوە بەهەمان شێوە هەوڵدانە بۆ ئەوەی كۆمەڵێك لە داهاتەكان بۆ كەس‌و حزب‌و لایەن بێت‌و نەچێتە ناو حەزێنەی دەوڵەتەوە. 

هەرلە دیمانەکەدا درەو پرسیویەتی: ماوەیەكە بەردەوام یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبونەوەكانی جڤاتی نیشتمانی تاوتوێكردنی پرسی سازدانی كۆنفرانسی نیشتمانییە، بەدیاریكراوی كەی كۆنفرانسی نیشتمانی بەڕێوەدەچێت ؟
عەدنان عوسمان: هێشتا كاتێكی دیاریكراومان دانەناوە، بەڵام بەنیازین هەر لەگەڵ دەستپێكردنی كەناڵە تەلەفزیۆنییە تازەكەماندا بیكەین، لە ئێستاوە خەریكی ئامادەكارین بۆ كۆنفرانسەكە، كۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان كێشەیەكی گەورە نییە بە نیسبەت گۆڕانەوە، گرنگە بكرێت، دواكەوتووە، ئەوە بەڵێ راستە، گرنگە بكرێت، من خۆم لەگەڵ ئەوەم هەموو ساڵێك بكرێت، چونكە لە كۆنفرانسی نیشتمانیدا ئێمە سەركردایەتی هەڵنابژێرین، رێكخەر هەڵنابژێرین، كێشەیەكمان نییە، ئێمە زۆرتر لەسەر بەرنامە‌و لەسەر پەیڕەو قسە ئەكەین، بۆیە كێشەیەكی زۆر گەورە نییە، دواكەوتووە، زۆرم پێ خراپە كە دواكەوتووە، بەڵام لە ئێستاشدا كە دواكەوتووە چاوەڕێی ئەوە ئەكەین كەشوهەوایەك بێت كە گۆڕان بباتە قۆناغێكی ترەوە.

دەشڵیت: لیژنەیەكمان پێكهێناوە، ئەو لیژنەیە پێداچوونەوە بە دەستورەكە‌و بەرنامە‌و دروشمەكاندا ئەكات، كاتی خۆیشی كە ئەم دەستورە دانراوە، وا دانراوە كە لە هەموو كۆنفرانسێكی نیشتمانیدا پێداچوونەوەی بۆ بكرێت، ئێمە لەم كۆنفرانسەدا پێداچوونەوە ئەكەین لەوەی لە چ خاڵێكدا كورتمان هێناوە‌و لە چ خاڵێكدا باشمان هێناوە، پێویستمان بە چ ئۆرگانێكە‌و پێویستمان بە چ ئۆرگانێكی تر نییە، دەسەڵاتی كۆنفرانسە كە هەموو گۆڕانكارییەك لە دەستورەكەدا بكات، بەڵام شێوازی ئیشكردنی گۆڕان بەم شێوازەی ئێستا، بەم سیستمەی ئێستا، واتە بڕبڕەی پشتی ئیشكردنی گۆڕان لەڕووی رێكخراوەیی‌و ئۆرگانەكانەوە كە ئێمە پێمانوایە ئاسۆییە، دەستكاری ناكرێت. 

تایبەت بە کار و دەسەڵاتەکانی جڤات دەڵێت: لەسەردەمی ئێمەدا جڤات ئێستا رۆڵێكی زۆر گرنگی هەیەو پێشتریش هەر رۆڵی هەبووە، ئێستا هیچ بڕیارێك بەبێ رەزامەندی جڤات‌و بەبێ گفتوگۆكردن لەگەڵ جڤات تێناپەڕێت.
جڤات، سكرتێر ئیدارەی كۆبونەوەكان دەدات، خانەی راپەڕاندن بڕیاریان لا نییە، بڕیار جێبەجێ دەكەن، بڕیار نادەن، جڤات بڕیار دەدات، تائێستاش وا هەڵمانداوە‌و واشمان كردووە، هەربۆیە كۆبونەوەی جڤات جاری وا هەیە ئەجێندایەكی دورودرێژی بۆ دائەنێین، بۆ ئەوەی جڤات لە هەموو پرسەكاندا، لە پرسە سیاسییەكان‌و پرسە رێكخراوەییەكان رۆڵی هەبێت، هەروەها ژورەكانیش، بزوتنەوەی گۆڕان ئیعتمادی سەرەكی لەسەر ژورە، بڕیار لە ژورەكانەوە ئەدرێت‌و دواتر گەڵاڵە ئەكرێت‌و دواتر لە جڤاتدا كاری لەسەر ئەكەین، بۆیە من هەستئەكەم هەنگاوێكی گەورە كراوە لە بڕیاردان لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا كە ئێستا بڕیاردانی جەماعییە. 


تایبەت بەدۆخی عێراق و بەشداری گۆڕان لە حکومەتی عەبدولمەهدی عەدنان عوسمان دەڵێت: ئێمە لە بەغداد نەمانویستووە ئۆپۆزسیۆن بین، یەكێتی‌و پارتی دەستیان بەسەر هەموو پۆستەكاندا گرتووەو برابەشیان كرد، ئامادەنەبوون پۆستمان پێبدرێت، نە لە پەرلەمان‌و نە لە حكومەت.
درەو: فراكسیۆنی ئێوە لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ چەند لایەنێكی تری دەرەوەی پارتی‌و یەكێتیدا گروپێكیان پێكهێناوە بەناوی "گروپی 15" باسلەوە دەكرێت نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لەڕێگەی مستەفا سەید قادری جێگرییەوە دەیەوێت گۆڕان لەو گروپە بكشێتەوە، ئەمە راستە ؟
عەدنان عوسمان: ئەوەی كە من ئاگادارم هەوڵێك هەیە، بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی هەرێم لەگەڵ هەموو ئەو گروپانە، هەموو ئەو فراكسیۆنانە پێكەوە كاربكەن، ئەمجارە پێداچونەوەیەكی ورد بكرێت هەم مافی كورد لە بەغداد هەم پشكی كوردیش لەبەغدادو لە دامودەزگاكاندا، ئەو لایەنانەی لەپەرلەمانن بەگوێرەی مەوقیعیەت‌و پێگەیان، چەند ئەركیان بەردەكەوێت مافیشیان پارێزراو بێت، تائێستا هەنگاوەكان چی ئەوەی كاك نێچیرڤان بارزانی هات سەردانی ئێمەی كرد جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، هەوڵئەدەن دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم چەترێك بێت بۆ هەموو لایەنەكان، ئێمە پێمان باشە گروپی (15) لەگەڵ دوو لایەنەكەی تر یەكێتی‌و پارتی لەم ساتەدا باشترین تەنسیق‌و هەماهەنگیان هەبێت، ئەگەر پێكەوە بتوانن گروپێكی فراوان دروست بكەن، بەڵام لەسەر كۆمەڵێك بنەما، لەسەر بنەمای نوێنەرایەتیكردنی راستەقینەی هەموو لایەنەكان، هەموو بڕیارەكان لەوێوە بدرێت، نەك لە پشتەوە لایەنێك بڕوات خۆی گفتوگۆ بكات، بڕیار بدات، لەخەمی پشكی كوردا بن، نەك لە خەمی پشكی حزبدا بن، لە خەمی قەزیەو مافەكانی كوردا بن، لە مەسەلەی نەوتەوە لە مەسەلەی سنورەوە لە مەسەلەی ناوچە جێناكۆكەكانەوە، ئەجێندایەكی دیاریكراوی نیشتمانیان هەبێت، كە هەموو فراكسیۆنەكان لەدەوری كۆببنەوە، هەریەكە بە گوێرەی پێگەی خۆی لە حكومەتەكە كورسی وەردەگرێت، هەروەكو ئەوەی لە كوردستان هەیە، هەریەكە بەگوێرەی ئیستحقاقی خۆی، بەڵام چوارچێوەیەكی نیشتیمانی دابنێین پێكەوە بڕیاربدەین‌و لەو دەستەیەشەوە بڕیار بدرێت، لە پشتەوەو لە پەناوە ئەوە نەكرێت، بەداخەوە ساڵانێكە بەم شێوەیە كاریان كردووە.
درەو: مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دەرەوەی سەرۆكایەتی هەرێمەوە بەشێوەیەكی راستەوخۆ دەستی بە گفتوگۆ كردووە لەگەڵ بەغداد، بەبێ ئەوەی هیچ تەنسیقێك لەگەڵ حزبەكانی تردا بكات، نوێنەری ئێوە لە سەرۆكایەتی هەرێم كە مستەفا سەید قادرە لەوبارەیەوە پرسیاری كردووە ؟
عەدنان عوسمان: ئەوەی كە ئێمە ئاگادارین، ئەوەیە سەرۆكایەتی هەرێم بەم كارە هەڵئەسێت‌و كۆبونەوەی كردووە، لەو كۆبونەوانەدا بزوتنەوەی گۆڕان لە هەموویاندا بەشداری كردووە، نوێنەری فراكسیۆنی گۆڕان لە هەموو كۆبونەوەكان بەشداربووە.
درەو: بەڵام سەرۆكی فراكسیۆنەكەتان لە بەغداد بەشداری كۆبونەوەكانی سەرۆكایەتی هەرێم ناكات؟ 
عەدنان عوسمان: ئەوە رەنگە هۆكاری خۆی هەبێت، بەڵام نوێنەری فراكسیۆنەكەمان بەشداربووەو لە هەموو ئەو بڕیارانە بەشداربووین‌و قسەمان هەبووە، رەئیمان تێیدا هەبووە، ئێمە پێمانوایە حزبەكان ئاساییە پەیوەندییان هەیە لەگەڵ بەغدادو لایەنەكاندا گفتوگۆ دەكەن، سەردان دەكەن، كێشەمان نیە، بەڵام ئەوەی پەیوەستە بە هەرێم ‌و ئیستحقاقاتی نیشتمانییەوە، پێمانوایە دەبێت لەچوارچێوەی دامەزراوەدا بێت، لەچوارچێوەی وەرگرتنی رای لایەنەكان بێت، لەچوارچێوەی ستراتیژێكی نیشتمانیدا بێت.


هەواڵی زیاتر