د.دەرباز محەمەد: ئەولەویەتی ئێمە مافە دەستورییەکان و قوت و موچەی خەڵکی کوردستانە
23/02/2020
لەماوەی چەند رۆژی
رابردودا، وەفدێکی لایەنە کوردستانییەکان چونە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ محەمەد
تۆفیق عەلاوی کاندیدی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نویی حکومەت و لایەنە
سیاسییەکانی عێراق.
د.دەرباز محەمەد، ئەندامی
خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان و ئەندامی وەفدی لایەنە کوردستانییەکان، لە
چاوپێکەوتنێکی تایبەتی (سبەی)دا و سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبونەوەکانیان لە بەغدا رایگەیاند:
ئێستا حکومەتێکی کاتی لە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا لە عێراق پێکدەهێنرێت، لەژێر
فشاری خۆپیشاندەراندا حکومەتی عادل عەبدولمەهدی دەستی لەکارکێشایەوە، لایەنەکان لەسەر
کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێ رێکنەکەوت، ئەم دۆخە نائاساییە وایخواست بچینە
بەغدا و دیدی خۆمان رون بکەینەوە و هەڵوێستی سەرۆک وەزیران و لایەنەکانی دیکەش
بزانین.
سازدانی: بەهادین یوسف
کورد چۆن مامەڵە
لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی کاتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە دەکات؟
د.دەرباز محەمەد ئێمە وەک
کورد کۆمەڵێک بنەمای جێگیرمان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا هێزە کوردستانییەکان لە گرنگی و
هەستیاری و ئاڵۆزیی قۆناغەکە تێگەیشتوین، دەزانین حکومەتی نوێ دەرچەیەکە بۆ ئەوەی
عێراق لەو قەیرانانەی تێیکەتوە دەربازی بێت، بەڵام نامانەوێت دەرچون لەو قەیرانە
لەسەر حسابی مافە سیاسی و دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بێت.
هەرێمی کوردستان حیزب و
لایەنێک نییە لە بەغدا، بەڵکو تایبەتمەندیی خۆی و کۆمەڵێک مافی دەستوری و یاسایی و
سیاسیی هەیە، راستە کۆمەڵێک لایەن و پارتی سیاسی هەیە، بەڵام شتێک کۆمان دەکاتەوە
کە خەڵکی کوردستان و بەرژەوەندییەکانیەتی، ئەو کێشانەیە کە کوردستان هەیەتی و هەی
بوە لە رابردودا، هەندێک لە کێشەکان ستراتیژین و ماوەیەکی زۆرە درێژەیان کیشاوە،
بەڵام هەندێکیان کێشەی هەنوکەیین و هی مانگ و ساڵ و رۆژە، دەکرێت بە ئاسانیی چارەسەر
بکرێت.
کێشە هەنوکەیی و
ئێستاییەکان چیین بەلای ئێوە؟ چۆن لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو باستان کرد؟
د.دەرباز محەمەد: ئەوەی
کە گرنگە بەلای ئێمەوە ناکرێت بارودۆخی نائاسایی ناوچە جێناکۆکەکان لەوە زیاتر درێژەبکیشێت،
بۆشاییەکی ئەمنی هەیە و بوەتە هۆی بوژانەوە و گەشەکردنی داعش، ئەو گروپە دەست بە
جموجوڵ کردوەتەوە و دانیشتوانی کورد و غەیرە کوردی ناوچەکە دەکاتە ئامانج، دەبێت
ئەوە بە زوترین کات چارەسەر بکرێت.
لەگەڵ ئەوەشدا ویستمان
بزانین بەرنامەی حکومەتە نوێیەکە چییە؟ ئایا هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات، بەڵێنی
هەڵبژاردنێکی باش و پاک و بێگەرد دەدات، بەچی میکانزیمێک ئەم پڕۆسەیە بەڕێوەدەبات،
تێڕوانینی چۆنە بۆ هەرێمی کوردستان و مافە دەستوریی و یاساییەکانی، ئەو کێشە
هەڵپەسێرداوانەی لە رابردودا هەبوە چۆن چارەسەریان دەکات، ئەولەویەتی ئێستا قوت و
موچەی خەڵکی کوردستانە، کۆمەڵێک پرسی ستراتیژی بەلای ئێمەوە هەیە، کورد چۆن بەشدار
بێت لەم حکومەتە.
جەختمان کردوەتەوە تایبەتمەندی
هەرێمی کوردستان ئەوەیە، ئەگەر کورد بەشداربێت لە پێکهێنانی کابینەکە ئەوا
تەحەمولی کۆی پڕۆسەکە دەکات، دەمانەوێت بزانین ئەم حکومەتە چۆنە کە بۆ ماوەی ئەم
ساڵە متمانەی پێدەدرێت، ئایا کورد بەشدار دەبێت، چۆن بەشدار دەبێت، بە چەند
وەزارەت بەشدار دەبێت، کورد چۆن خەڵکێکی باش دابنێت کە لە ئاستی قۆناغەکە بێت و
بەڕاستی نوێنەری کوردبێت، نەک نوێنەری حیزبەکان.
لە کۆبونەوەتان
لەگەڵ محەمەد عەلاوی بەشێوەیەکی گشتی وەڵامی ئەو پرسیارانەتان وەرگرتەوە؟
د.دەرباز محەمەد: دوجار
لەگەڵ بەڕێز محەمەد تۆفیق عەلاوی دانیشتین، هەردو جارەکە جەختی لەسەر ئەوەکردەوە
کە ئەوەی پەیوەندی بە موچە و بودجەوە هەیە، بە هیچ شێوەیەک دژی هەرێمی کوردستان
نابێت، وتی: پێم سەیرە و ناشکرێت ژیانی خەڵک و موچەی خەڵک تێکەڵی ژیان و ململانێی
سیاسی بکرێت.
سەبارەت بە پرسی کەرکوک و
ناوچە جێناکۆکەکان عەلاوی پێی وتین: ئێستا ئەو دیدێکی رونی نییە لەسەر ئەو پرسە،
بۆ ئەوەش داوای هاوکاریی لە هەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ
چارەسەرکردنی ئەو دۆسیەیە، لە راستیدا ماوەیەکی زۆرە پڕۆسەی جێبەجێکردنی ماددەی (140)
وەستاوە، رەنگە لەم دۆخە نائاساییە جێبەجێکردنی لە بەرژەوەندی کورد نەبێت، چونکە
دۆخی ئەو ناوچانە زۆر ئاڵۆزە، سەبارەت بە کێشە ئەمنییەکانی کەرکوک و ئەو ناوچانەش
وتی: هیچ کێشەیەکیان نییە بۆ ئەوەی دۆخەکە چارەسەر بکرێت، جەختی کردەوە ئەوە دەکات
کە لە بەرژەوەندی خەڵکی ناوچەکە بێت.
لەبارەی ئەو
حکومەتەی کە پێکدەهێنرێت؟ حکومەتی کاتییە؟ ماوەکەی چەندە؟ لەو ماوەیەدا کاری لە
پێشینەی چییە؟
د.دەرباز محەمەد: حکومەتی
نوێ کاتییە و بۆ ماوەی ساڵێکە، لەم ساڵەدا هەڵبژاردن دەکرێت، هێزەکانی دیکەش
جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە حکومەتەکە بۆ ماوەی ساڵێک بێت، دەبێت لەماوەی
ساڵێکدا هەڵبژاردن بکرێت.
ئەی کورد بەشداریی
ئەو حکومەتە دەکات؟ پشکی کورد چۆن دادەنرێت؟ لایەنە کوردییەکان کاندیدیان دەبێت بۆ
پۆستە وزارییەکان؟ یان سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو کاندیدی کورد بۆ وەزارەتەکان
دادەنێت؟
د.دەرباز محەمەد: ئێمە
هیچ کێشەیەکمان نییە کە کەسانی باش بۆ بەرکەوتەکانی کورد دابنرێت، بەڵام دەبێت ئەو
پێوەر و حاڵەتە بۆ هەمو حیزب و لایەن و پێکهاتەکان بێت، بۆ هەمو عێراق بێت، لەگەڵ
ئەوەین کەسانی شارەزا و بەتوانا و لێهاتو و خاوەن رابردوی باش ئەم قۆناغە راگوزەرە
بگرنە ئەستۆ، بەڵام دەبێت ئەمە بۆ هەموان وەک یەک و بەیەک پێوەربێت.
ئەوەی پەیوەندی بە
کوردەوە هەیە، جەختمان کردەوە کە دەبێت کەسانی باش بۆ پۆستەکان دابنرێن، بەڵام
ناکرێت ئێمە نەزانین ئەو کەسانە کێن تا بڵێین دەنگی پێدەدەین، ئەگەر کاندیدەکان
بەیەکەوە لەسەری گفتوگۆ بکەین بە مەرجێک کەسانی باش و بە توانا بن، ئیتر ناوەکە لە
کوێوە هاتوە، چۆن هاتوە، گرنگ ئەوەیە کەسێک بێت لەم قۆناغەدا بتوانێت ئەو ئەرکە
بگرێتە ئەستۆ لە هەمانکاتدا کەسانێک بن کە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان بکەن،
کەسانێک بن هەڵویست و بیرکردنەوەی بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان بێت، ئەمە کۆی
چوارچێوەکەیە کە ئێمە بەلامانەوە پەسەندە.
میکانیزمی دیاریکردنی کاندیدەکان چۆن دەبێت،
بەنمونە کورد چەند پۆستی وزاری بەردەکەوێت، لایەنە کوردستانییەکان کاندید
دیاری دەکەن، یان سەرۆک وەزیران ژمارەیەک کاندید دیاری دەکات و دواتر لەگەڵ
لایەنی کوردیی گفتوگۆی لەسەر دەکات؟
د.دەرباز محەمەد: هەردولا کاندیدیان دەبێت، کورد خۆی ژمارەیەک ناو کاندید
دەکات، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراویش ژمارەیەک کاندید دیاری دەکات، دواتر
بزانرێت کێ ئەو پێوەرانەی بەسەردا جێبەجێ دەبێت، ئاڕاستەکەی ئەو ئەوەیە
نابێت کاندیدەکان لە سەرکردە دیارەکانی حیزبەکان بن، کەسانێک بن کە لە
بواری خۆیاندا و بۆ ئەو وەزارەتانەی دادەنرێن، ئەزمون و شارەزاییان هەبێت.
سەقفێکی زەمەنی دانراوە بۆ ئەوەی ئەو پڕۆسەیە بە ئەنجام بگات و حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت؟
د.دەرباز محەمەد: ئێمە بە هەمو حیزبەکان و بە لایەنە شیعە و سوننەکانیشمان
وتوە، دەمانەوێت ئەو پڕۆسەیە لەسەر خێر و بۆ بەرژەوەندی گشتی خەڵک
تەواوبێت، نەهاتوین بۆ ئەوەی گرفت و لەمپەر دروست بکەین، چونکە لەچەند
مانگی رابردودا چەندین کێشە و گرفتی گەورە دروست بوە لە عێراقدا، رەنگە لە
هیچ قۆناغێکی مێژویدا عێراق بەمشێوەیە کێشەی نەبوبێت، ئێمە دەمانەوێت
کێشەکان بەرەو چارەسەر بڕوات، لەگەڵ بەڕێز عەلاویش بەو نەفەسە قسەکراوە،
بەڵام کە لە کاتێکی دیاریکراودا حکومەت پێکنەهێنراوە، پەیوەندی بەوەوە
هەیە، هێندەی بەشێک لە لایەنە شیعەکان و سونەکان کێشەی گەورەیان هەیە، کورد
ئەو کێشە گەورەیەی نەبوە.
لەهەمانکاتدا جەختمان کردەوە، ئەم حکومەتەی ئێستا لە ئەنجامی کۆمەڵێک کێشەی
گەورەی رابردوەوە هاتوە، بۆیە خەڵک بەتایبەتی لە ناوەڕاست و باشوری عێراق
خۆپیشاندانی گەورەیان کردوە و قوربانی زۆریان داوە، دەبێت حکومەت
وەڵامدەرەوەی خۆپیشاندەران بێت، هەنگاو بنێت بەرەو باشتر کردنی دۆخەکە لە
روی ئازادییەکانەوە، لە روی خزمەتگوزارییەکانەوە.
بەڵام وەک باست کرد حکومەتەکە کاتییە و بۆ ماوەی ساڵێکە، لەماوەی ساڵێکدا دەتوانێت وەڵامی داواکارییەکانی خەڵک بداتەوە؟
د.دەرباز محەمەد: خۆی ئەوە پرسیارەکەیە، بەڵام گرنگترین شت دەستپێکردنی
هەنگاوەکانە، هەنگاوەکان ئیجابی بن دەتوانرێت لە ساڵێکدا زۆر شت بکرێت،
لەگەڵ ئەوەی هەندێک لایەنی ستراتیژیی هەیە کاتی زیاتری دەوێت، بەڵام گرنگ
ئەوەیە دەست بە هەنگاوە باشەکان بکرێت.
بەڵام وەڵامی ئەوەم
وەرنەگرت، کەی ئەو حکومەتە پێکدەهێنرێت، چەند دەرفەت لەبەردەستدا ماوەتەوە بۆ
پێکهێنانی حکومەتی کاتی بۆ قۆناغی راگوزەر؟
د.دەرباز محەمەد: رۆژی (2/3/2020)
دوا وادەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتەکە، باس لەوەکراوە سبەینێ دوشەممە پەرلەمان
کۆببێتەوە بۆ متمانەدان بە حکومەت، بەڵام لەبەرئەوەی سەرۆکی پەرلەمان تێبینی هەیە،
سبەینێ سەرۆکایەتی پەرلەمان دادەنیشن باسی ئەو داوایە دەکەن کە بۆ دانیشتنی نائاسیی
ئاڕاستەیان کراوە، ئیتر دیار نییە کەی وادەی دانیشتنەکە دیاری دەکرێت، بەڵام هێشتا
نزیکەی (10) رۆژ دەرفەت ماوە.
کەواتە لەماوەی ئەم
(10) رۆژەی ماوە حکومەتی نوێ پێکدەهێنرێت؟
د.دەرباز محەمەد: پێویستە
و بۆچونی لایەنە کوردستانییەکان ئەوەیە کە پێکهێنانی حکومەت دوانەکەوێت و
پەکنەخرێت، بەڵام ناشکرێت حکومەتەکە بە کێشەوە لە دایک بێت، ئەگەرچی ئەستەمە
بتوانرێت کۆدەنگی تەواوەتی لەسەر دروست بێت، بەڵام دەبێت زۆرترین کۆدەنگیی لەسەر
بێت.
جگەلە محەمەد تۆفیق
عەلاوی، ئێوە لایەنەکانی دیکەشتان لە بەغدا بینی، دیدی ئەوان بۆ پێکهێنانی حکومەت
چۆنە، بۆچونیان چۆنە، ئەوان داواکاریی تایبەتی خۆیان نییە؟
د.دەرباز محەمەد: ئەوان
کۆمەلێک مەرجیان هەیە، کە حکومەتەکە بۆ قۆناغێکی جیاواز و هەستیارە لە عێراقدا،
دەبێت پێداویستییەکانی ئەو قۆناغە رەچاو بکرێت، ئێستا خەڵک خۆپیشاندان دەکات،
کۆمەڵێک کیشەی گەورە هەیە، لە ئەنجامی ئەو خۆپیشاندانە یاسایەکی نوێی هەڵبژاردن
دانراوە، بۆ ئەوەی وەڵامدەرەوەی خەڵک بێت لە قۆناغی ئایندە، ئەم حکومەتەش کاتییە
بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات، حکومەتێک نییە کە وەک حکومەتێکی چوار ساڵی
سەیری بکەین.
پێویستە دەوڵەت سەقامگیر
بکرێت، بەتایبەت لە بەشێک لە ناوچەکان خوێندن و دەوام و کاروبارەکانی دەوڵەت پەکی کەوتوە،
دەبێت ئەم حکومەتە هەیبەت بۆ دامەزراوەکانی دەوڵەت بگەڕێنێتەوە، کاروبارەکان
بخاتەوە سەرپێی خۆی، لە هەمانکاتدا جەختیان لەسەر ئەوە دەکردەوە، ئەوەی بۆ
لایەنەکانی دیکە رەوایە کەسانێک لەلایەن حیزبەوە کاندید بکرێن و ببن بە وەزیر، دەبێت
رەزامەندی سەرۆک وەزیرانیشی لەسەر بێت.
کەواتە حکومەتی نوێ
جیاوازە لە حکومەتەکانی پێشو، لەسەر بنەمای پشک پکشێنەی لایەنەکان نابێت، بەڵکو
پێوەرەکان توانا و لێهاتویی و شایستەییە بۆ قۆناغەکە؟
د.دەرباز محەمەد: بەڵێ دەقاودەق
بەوشێوەیەیە، بەڵام ئەمە هەم سوننەکان و هەم شیعەکانیش تێبینیان لەسەری هەیە، ئێمە
کەمترین تێبینیمان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نامانەوێت خەڵکێک بەناوی کوردەوە
بکرێنە وەزیر نەتوانێت ئەرکەکە بە سەرکەوتویی بەجێ بگەیەنێت، چونکە لە دەرەنجامدا
پێویستی بە رەزامەندیی کورد دەبێت، ئەگەر بە رەزامەندی کورد بێت و کەسێکی شایستە
نەبێت، ئەوکاتە لەسەر هەمو لایەک دەکەوێت.
لایەنە
کوردستانییەکان رێککەوتون بەمشێوەیە و بەو یەک تیمییە بەردەوام بن لەسەر گفتوگۆ و
دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا، تا پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت؟
د.دەرباز محەمەد: ئێمە لە
بەغداش وتومانە، ئێمە لایەنی خێرین و هاوکار دەبین، نەک کێشە دروست بکەین و ببینە
لەمپەر، چۆن بۆ بەرژەوەندی گشتی بشکێتەوە بەلامانەوە گرنگە، بەڵام کۆمەڵێک بنەما و
پرەنسیپ هەیە کە بەلای کوردەوە گرنگە و دەبێت رەچاو بکرێت.
کەواتە کورد بە یەک
تیم دانوستان دەکات بۆ بەدەستهێنانی مافە دەستوری و یاساییەکانی لە قۆناغی نوێدا؟
د.دەرباز محەمەد: کورد بە
یەک تیم بەشداریی دەکات، تائێستا هەر وایە، کۆبونەوەی دیکەش دەکرێت بۆ ئەوەی
بزانین لە بەغدا چی دەگوزەرێت، بۆ ئەوەی لە دەرەنجامی ئەو دانوستانانە هەمو
لایەنەکان بێنە ناو وێنە گشتییەکە و خەڵکی کوردستان ئاگاداری ئەوە بێت کە ئێمە
گەیشتوینەتە ئەم قۆناغە، لەم دۆخە هەستیار و نائاساییەی بەغدا. وەک کورد جەختمان
لەسەر ئەوەیە، جۆرێک لە کۆدەنگی و تەوافوق لەسەر حکومەتەکە هەبێت، ئەنجامەکەی بۆ
هەمو لایەک بە باشی کەوێتەوە. بەتایبەتی لە پرسی موچە و قوتی خەڵک کە بەهیچ
شێوەیەک سازش ناکەین و پێداگریی لەسەر مافە دەستوری و یاسایی و سیاسییەکانی خۆمان
دەکەین.