کۆبونەوەی لایەنە سیاسییەکان و سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم و وەفدی دانوستان کۆتایی هات

24/02/2020

کەمێک پێش ئێستا کۆبونەوەی کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان و سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم و وەفدی دانوستان کۆتایی هات و ئەندامێکی بەشداربوی کۆبوەنەکەش دەڵێت: دەرگای بەشداریکردن یان نەکردنی کورد لە کابینەی داهاتو بە کراوەیی ماوەتەوە و چاوەڕێی دەرنجامی کۆبونەوەکانی داهاتو دەکەن.

د.بەهار مەحمود، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەشداربوی کۆبونەوەکە لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان و وتی: ئێمە پشتیوانی حکومەتێک دەکەین کە رەنگدانەوەی داخوازییەکانی هەمو عێراق و خۆپیشاندەرانیش بێت.

وتیشی: پێشنیاری ئەنجامدانی کۆبونەوەی بەرفراوانی کەسی یەکەمی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێم کراوە بۆ گفتوگۆکردن و بڕیاردانی پێویست لەوبارەیەوە.

د.بەهار مەحمود ئاماژەی بەوەشکرد، کە سبەینێ جارێکی دیکە وەفدی دانوستانی هەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی بەشداری کورد لە کابینەکەی عەلاوی، چونکە دەرگای گفتوگۆمان بە کراوەیی هێشتوەتەوە و پرسی بەشداریکردن یاخود نەکردن پەیوەیستە بە دەرەنجامی کۆبونەوەکان.


هەواڵی زیاتر