ئه‌ندامێكی خانه‌ی راپه‌ڕاندن: دوای‌ شه‌ش مانگ له‌ به‌شداری حكومه‌ت رای‌ خۆمان به‌ راپۆرتێك داوه‌ به‌ پارتی‌

29/02/2020

شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا ئه‌ندامی‌ خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندنی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی‌ دواڕۆژ وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی‌ ئه‌و میدیایه‌ی‌ داوه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی‌ 

سه‌باره‌ت به‌ به‌شداری‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ حكومه‌ت و وه‌رگرتنی‌ پۆسته‌كانی‌ 
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فاده‌ڵێت : له‌ حكومته‌كه‌دا داوای‌ مافه‌كانی‌ خۆمان له‌ پارتی‌ ده‌كه‌ین، چونكه‌ رێككه‌وتنمان له‌گه‌ڵ ئه‌وان كردووه‌، هیچ داوایه‌كمان له‌ یه‌كێتی‌ نییه‌، به‌پێی‌ 12% له‌ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ و ده‌سته‌كان پۆستمان به‌ركه‌وێت، چه‌ند جارێك داوای‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ سێ قۆڵیمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌ و پارتیدا كردووه‌، به‌هۆی‌ دۆخی‌ یه‌كێتییه‌وه‌ رێكنه‌خراوه‌ كه‌ هه‌موومان له‌ حكومه‌تداین ده‌مانه‌وێت شه‌ریك بین، ته‌نانه‌ت پێشنیارمان كردووه‌ له‌ به‌غدا سه‌رجه‌م هێزه‌كان شه‌ریك بن و یه‌ك گوتاری‌ هاوبه‌شمان هه‌بێت، بۆیه‌ كێشه‌ی‌ ئه‌و پۆستانه‌ به‌شێكی‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ پارتی‌ و به‌شێكی‌ تری‌ ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ یه‌كێتی‌ و خودی‌ گۆڕانیش، تائێستا وه‌كو گۆڕان به‌ سیستماتیك ناوه‌كانمان نه‌داوه‌ به‌ پارتی‌، له‌ هه‌فته‌ی‌ داهاتوودا خانه‌ی‌ راپه‌ڕاندن سه‌رجه‌م ناوه‌كان بۆ پۆسته‌كان له‌ حكومه‌تدا دیاری‌ ده‌كات و پێشكه‌شی‌ ده‌كه‌ین.

به‌ڵێنتان پێدرا به‌ پێدانی‌ پۆستی‌ یاریده‌ده‌ری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بۆ چاكسازی‌، به‌ڵام بێده‌نگی‌ لێكرا، وه‌ڵامتان چییه‌؟
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: ئێمه‌ خۆمان نه‌چووین بۆ رێكخستن و وه‌رگرتنی‌ ئه‌و پۆسته‌، ئه‌گه‌رنا هه‌ركاتێك بچین وه‌ریده‌گرین، وتوومانه‌ ده‌بێت یاریده‌ده‌ری‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت بۆ چاكسازی‌ یاسای‌ بۆ ده‌ربكرێت، دواتر له‌ ماوه‌ی‌ یه‌ك هه‌فته‌دا كاندیدێك دیاری‌ ده‌كه‌ین.

هاوكات ره‌خنه‌ی‌ تووند له‌ ئه‌دای‌ گۆڕان له‌ حكومه‌تدا ده‌گیرێت، ئایا گه‌یشتوونه‌ته‌ بڕیاری‌ مانه‌وه‌ یان كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت؟ كه‌ی‌ بڕیار ده‌ده‌ن؟
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: دوای‌ شه‌ش مانگ له‌ به‌شداری حكومه‌ت رای‌ خۆمان به‌ راپۆرتێك داوه‌ به‌ پارتی‌، شه‌ش مانگی‌ ترمان بۆ درێژكردنه‌وه‌، ئه‌وكات بڕیاری‌ خۆمان ده‌ده‌ین بمێنینه‌وه‌ یان نا، به‌ڵام ده‌بێت خه‌ڵك چاوه‌ڕی‌ بكات تا بزانێت له‌ ماوه‌ی‌ ئه‌مساڵدا چی‌ ده‌كرێت، تائێستا ته‌نیا یه‌ك یاسا له‌ په‌رله‌مان ده‌رچووه‌ كه‌ شتێكی‌ زۆر بچوكه‌ له‌ چاكسازی‌، ئه‌مه‌ش تا نه‌چێته‌ بواری‌ جێبه‌جێكردنه‌وه‌ ناتوانرێت قسه‌ی‌ له‌سه‌ر بكرێت.

ئه‌گه‌ر له‌ حكومه‌ت نارازین بۆ به‌ راشكاوی‌ باسی‌ ناكه‌ن له‌گه‌ڵ لایه‌نی‌ به‌رامبه‌ر؟
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: نه‌خێر رازی‌ نین، چونكه‌ سست و خاوه‌، له‌ 17ی‌ 12ی ساڵی‌ رابوردوو له‌گه‌ڵ پارتی‌ كۆبووینه‌وه‌، به‌ راشكاوی‌ هه‌موو شتێكمان پێوتوون له‌باره‌ی‌ حكومه‌ته‌وه‌.

چاوه‌ڕوان ده‌كرا به‌ وه‌رگرتنی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی‌ له‌لایه‌ن گۆڕانه‌وه‌ كێشه‌ی‌ مووچه‌ و قه‌یرانی‌ دارایی‌ نه‌مێنێت، به‌ڵام تائێستاش مووچه‌ له‌كاتی‌ خۆیدا دابه‌شناكرێت، هاوكات وه‌زیره‌كه‌تان هیچ هه‌ڵوێستێكی‌ نییه‌؟
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: خۆ تابیعه‌مان نییه‌ تا پاره‌كه‌ چاپ بكه‌ین و بینێرین بۆ ئاواتی‌ شێخ جه‌ناب، ئه‌و پاره‌یه‌ له‌ به‌غداوه‌ دێت نه‌مێنێت، هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك نییه‌ دابه‌شبكرێت، له‌ هه‌موو داهاته‌كانیش نایه‌ته‌ لای‌ وه‌زیری‌ دارایی‌، به‌ڵكو كه‌م و زیادیش ده‌كات، وه‌زیره‌كه‌ له‌ هه‌ر لایه‌نێك بێت داهات و بوودجه‌ی‌ به‌غدا نه‌یه‌ته‌ به‌رده‌ستی‌ ناتوانێت مووچه‌ بدات.

سه‌باره‌ت به‌ شێوازی‌ كاركردنی‌ ئێستای‌ گۆڕان شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فاده‌ڵێت: له‌نێوان كوده‌تا و شه‌ڕ و خوێن و چاكسازیدا دووشتی‌ زۆر جیاوازه‌، چاكسازی‌ ئه‌وه‌ نییه‌ وه‌كو نان بیده‌یت به‌ ته‌نوره‌كه‌و ده‌ریبهێنێت بیخۆیت، به‌ڵكو پڕۆسه‌یه‌كی‌ دوورودرێژ و به‌ پلانه‌، چاكسازی‌ بكه‌ن یه‌ك پۆستمان ناوێت، با بێن بڕوامان پێبهێنن، به‌ پارتیمان وتووه‌ ئه‌گه‌ر چاكسازی‌ بكرێت ئێوه‌ زۆرترین قازانجی‌ لێ ده‌كه‌ن.

وه‌ڵامی‌ پارتی‌ چی‌ بووه‌ بۆ راپۆرته‌كه‌تان له‌باره‌ی‌ حكومه‌ته‌وه‌؟
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: چاوه‌ڕی‌ كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ین، پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ عێراق رێگر بووه‌،  له‌ هه‌فته‌ی‌ داهاتوودا بانگێشتی‌ پارتی‌ ده‌كه‌ین بۆ سلێمانی‌ و كۆده‌بینه‌وه‌.

چی‌ ده‌ڵێن له‌باره‌ی‌ پێكهێنانی‌ حكومه‌تی‌ نوێی‌ عێراق و محه‌مه‌د عه‌لاوی‌، بۆ دانانی‌ كه‌سانی‌ بێلایه‌ن؟ گۆڕان داوای‌ پۆستی‌ كردووه‌؟
شه‌ماڵ عه‌بدولوه‌فا: ئێمه‌ نازانین پۆستمان پێده‌درێت یان نا، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سی‌ بێلایه‌نیش بێت ده‌بێت پرس به‌ كورد بكه‌ن، نه‌ك خۆیان دایبنێن، ناكرێت بێپرسی‌ كورد ئه‌و پۆستانه‌ پڕبكرێنه‌وه‌، كوردیش ده‌بێت قبوڵی‌ بكات.


هەواڵی زیاتر