عەدنان عوسمان: هەوڵى گەڕاندنەوەى گۆڕان بۆ سەردەمى کاک نەوشیروان دەدەین

02/03/2020

ئەندامێکى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت، هەوڵى گەڕاندنەوەى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ ناو هەمان کەشوهەواى سەردەمى کاک نەوشیروان و بەهێزکردنەوەى بزوتنەوەکە دەدەین.
عەدنان عوسمان ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندوە، ئێستا بزوتنەوەى گۆڕان لە قۆناغێکدایە کە لە دواى قۆناغى خۆپاراستن و مانەوەوە دێت، کە قۆناغى هەوڵدانە بۆ گەڕاندنەوەى بزوتنەوەى گۆڕان بۆ ناو هەمان کەشوهەواى سەردەمى کاک نەوشیروان و بەهێزکردنەوەى بزوتنەوەکە. 
عەدنان عوسمان لەو چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ رۆژنامەى ژیان ئاماژەى بەوەکردوە، بزوتنەوەى گۆڕان لە ئێستادا کارى زۆر لەسەر گەنجان دەکات، بەجۆرێک کە نزیکەى ٨٠% ژوورەکانى بزوتنەوەى گۆڕان گەنجیان تێدایە. 
لە بەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەدا رایگەیاندوە، بزوتنەوەى گۆڕان لە پێناو چاکسازى بەشدارى لە حکومەت کردووە، خەڵکیش چاکسازى خێراى دەوێت. لەو چوارچێوەیەشدا حکومەت پێویستى بە لێپرسینەوەى ئازایانە و بڕیارى ئازایانە هەیە. 
عەدنان عوسمان دەشڵێت، بە پارتیمان وتووە تاکو ئەو کاتە بەردەوام بین کە چاکسازیش بەردەوام بێت. 
سەبارەت بە بارودۆخى سیاسى عێراقیش عەدنان عوسمان رایگەیاندوە، ئەوەى ئێستا هەیە خراپە، ئاراستەیەک هەیە کاردەکات بۆ لاوازکردنى هەرێمى کوردستان و دوورخستنەوەى لە نەخشەى سیاسى.


هەواڵی زیاتر