بزوتنەوەى گۆڕان پشتیوانیى بۆ پارێزگارى سلێمانى دوپاتدەکاتەوە
04/03/2020
ژمارەیەک لە ئەندامانى خانەى راپەراندن و جڤاتى نیشتیمانى بەمەبەستى پشتیوانیکردنى کار و هەنگاوەکانى بۆ خزمەتى پارێزگاکە، سەردانى د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانیان کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ژمارەیەک لە ئەندامانى خانەى راپەڕاندن و جڤاتى نیشتیمانى بە نوێنەرایەتى بزوتنەوەى گۆڕان سەردانى د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانیان کرد، لەوبارەیەوە عەدنان عوسمان سکرتێرى جڤاتى نیشتیمانى و ئەندامى خانەى راپەڕاندن رایگەیاند: سەردانەکەى ئەمڕۆمان بۆ لاى پاریزگارى سلێمانى بۆ دو ئامانج بون، ئامانجى یەکەمى بەسەر کردنەوە و هەواڵپرسین و جۆرێک لە هەماهەنگى بو، بەڵام ئامانجە سەرەکییەکەمان پشتیوانیکردن بو لەو هەنگاوانەى کە ناویەتى چ لەم کارەساتەى ئێستا هاتوە بۆ شارەکەمان چ لە هەنگاوەکانى ترى وەک خزمەتگوزارى و خزمەتکردنى هاوڵاتیانى پارێزگاى سلێمانى.
وتیشى: پارێزگارى سلێمانى باسى لەو هەنگاوانەکرد کە ناویانە بۆ خزمەتکردنى پارێزگاى سلێمانى و ئەو کیشانەى لە کاتى کارکردنیاندا روبەڕویان دەبێتەوە چ لە لایەنى مادى چ لە لە دەستێوەردانى حیزبى کە ئەمانە هەموى کێشەى گەورەن لەبەردەم بەڕێوەبردن لەم ناوچەیە و ئێمەش پشتگیرى خۆمان بۆ هەمو هەنگاوەکانى دەربڕى کە لە خزمەتى هاوڵاتیان و پڕۆسەى چاکسازیدا بێت لە کوردستان.