ژنانی گۆڕان: ژن هۆکاری ئاشتی و سەقامگیرییە

08/03/2020

ئەمرۆ رۆژی جیهانی ژنانە، رۆژێکە بۆ کۆششی زیاتر لە پێناو نەهێشتنی جیاوازی رەگەزی و دەستبەرکردنی دەرفەتی یەکسانی ژیان و کار لەپێناو بەشدارییەکی سیاسیی و ئیداری راستەقینەی ژنان لە کایەی گشتیدا.

لە روانگەی بزوتنەوەی گۆڕان، کێشەکانی ئافره‌تان، لە کێشەکانی کۆمەڵگا جیاناکرێتەوە، کۆمەڵێکی هۆشیار و دەسەڵاتێکی بەرپرسیار دەتوانێت بەیەکەوە دەسته‌بەری ژیانێکی شایستە بۆ خەڵک بکەن و نمونەیەکی سەرکەوتو لە پێکەوە کارکردن بۆ سەرخستنی ئامانجە باڵاکان بڕەخسێنن. 

لەم سۆنگەیەوە، وێڕای پیرۆزبایی گەرممان لە ژنان و ئافرەتانی هەرێمی کوردستان، دڵنیاتان دەکەینەوە لەچوارچێوەی بەرنامەی سیاسیی بزوتنەوەی گۆڕاندا دەستەبەرکردنی مافە یەکسانەکانی ژن و پیاو لە هەمو بوارەکان، کۆمەکی دارایی ژن و مناڵ بە سەرەتایەکی گرنگی پتەوکردنی رایەڵەکانی خێزان و ئازادبونی ژن دەزانین و کاری بۆ دەکەین. هاوکاتیش ئامادەیی ژن لە هەمو سێکتەرەکان بە هۆکاری ئاشتی و سەقامگیری زیاتر دەبینین.

ئەم یادە جیهانیە وەک دەرفەتێک بەکاردەهێنین تا داوا لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێم بکەین؛ هەنگاوی کرداری بۆ خزمەتی ژنان و ئەو چین و توێژانەی کۆمەڵ بنێنن کە بارگرانیان لە ژیان هەیە. هاوکاتیش وەک پشتیوانیەک بۆ نەهێشتنی جیاوازی رەگەزی دەکرێت کار بە پرەنسیپی "جیاکاری ئەرێنی" بکرێت، واتە کاتێک ژن و پیاوێک دەیانەوێت پۆست و بەرپرسیارێتیەک وەربگرن و هەمان توانستیان هەیە؛ ئەوا چانس بە ئافره‌ته‌کە بدرێت.

ماوەتەوە ئەوە بڵێین، مایەی خۆشحاڵیە، سەرەڕای ئاستەنگ و کۆسپەکان، لە هەرێمی کوردستاندا دەیان نمونەی سەرکەوتویی ژنانمان هەیە لە کایەی سیاسیی و ئیداری و پەروەردەیی و ئەکادیمی و رۆشنبیری و لە کەرتی تایبەتیش خاوەن بزنس و پیشەن کە بوونە نمونەیەکی ئەرێنی بۆ پێشخستن و خزمەتکردن، ئەم ئەنجامەش دەرخەری ئەو راستیەیە کە ئەگەر دەرفەری یەکسان هەبێت ژنانیش شان بە شانی پیاوان گوزارشت لە تواناکانیان و خزمەتی کۆمەڵیش دەکەن.

ژنانی بزوتنەوەی گۆڕان
٨ی مارسی ٢٠٢٠


هەواڵی زیاتر