کێشەکانی ژنان لە کێشەکانی کۆمەڵگا جیاناکرێتەوە
08/03/2020
رۆژی 8ى مارسی هەمو ساڵێک بەرۆژی جیهانی ژنان دانراوە، خەباتی
ژنان بۆ یەكسانی دەرفەتی كار و پاراستنی شكۆیان
و كۆتاییهێنان بە چەوساندنەوەی رەگەزیی لە هەندێك وڵات قۆناغی گرنگی بڕیوە، لە هەندێك وڵاتیش لە قۆناغەكانی سەرەتادایە.
لەهەرێمى کوردستاندا، سەرەڕاى بوونى چەندین رێکخراوى
تایبەت بە پاراستنى مافەکانى ژنان و رۆڵپێدانى ژنان لە دامودەزگا حکومیەکان و هێز
و لایەنە سیاسیەکاندت، بەڵام هێشتا ژنان بەردەوامبدان لە خەبات بۆ بەدەستهێنانى
مافەکانیان.
هەندێک پێیانوایە؛ کێشەى ژن کێشەى کۆمەڵگەیە، هەموو ئەو
کێشانەن کە بەگشتى لە کۆمەڵگەدا بوونى هەیە.
بزوتنەوەى گۆڕان وەک هێزێکى سیاسى، بەردەوام رۆڵ و پێگەى
ژنى لە خەباتى سیاسى خۆیدا و لە بەرنامەى کاریدا جێکردوەتەوە و بەشێک بووە لە ئەولەویەتى
کارەکانى.
لە هەشتى مارسدا، ژنانى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنن لە
روانگەی بزوتنەوەکەیانەوە، کێشەکانی ئافرهتان لە کێشەکانی کۆمەڵگا جیاناکرێتەوە،
کۆمەڵێکی هۆشیار و دەسەڵاتێکی بەرپرسیار دەتوانێت بەیەکەوە دەستهبەری ژیانێکی شایستە
بۆ خەڵک بکەن و نمونەیەکی سەرکەوتو لە پێکەوە کارکردن بۆ سەرخستنی ئامانجە باڵاکان
بڕەخسێنن.
چیمەن محەمەد رەشید ئەندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى
گۆڕان بۆ دیجیتاڵ میدیاى (KNN) وتى: "ژنان بەردەوامن لە خەباتکردن بۆ
بەدیهێنانى مافەکان و نەهێشتنى جیاکارى لەسەر بنەماى رەگەز، چونکە کێشەى ژن ئەو جیاوازیەیە
کە لەسەر بنەماى رەگەز روبەڕوى دەبێتەوە".
کێشەى ژن کێشەى هەموو کۆمەڵگەیە
ئەو پێیوایە؛ کێشەى ژن کێشەى هەموو کۆمەڵگەیە و دەڵێت:
"بەشێک لە کێشەکان کۆمەڵگە دروستى کردوە، مەبەست لەو ئەرک و رۆڵەیە کە کۆمەڵگا
بۆ ژن و پیاوى دیاریکردوەو جیایکردوەتەوە، ئەمەش بووەتە کێشەى سەرەکى و، جیاوازى
لە نێوان ئەم دوو رەگەزەدا دروستکردوە".
چیمەن محەمەد رەشید ئاماژە بەوە دەکات، بزوتنەوەى گۆڕان
لەسەرەتاى دروستبوونیەوە یەکێک لە ئامانجەکانى دادى کۆمەڵایەتى بوە، کارکردن لەسەر
یاساکانى بارى کەسێتى و نەمانى جیاوازى جێندەرى لە هەوڵە بەردەوامەکانى بزوتنەوەکە
بووە.
ئەوە دەخاتەڕوو؛ کە چارەسەرى کێشەى ژن پەیوەندى
بەچارەسەرکردنى کێشەکانى کۆمەڵگاوە هەیە، ئەگەر دۆخى دارایى و ئابورى کۆمەڵگە باش
ببێت، بێگومان بارى ئابورى ژنیش وەک تاکێک لە کۆمەڵگاکەدا باش دەبێت، بوونى دادى
کۆمەڵایەتى و سەروەربوونى یاساش بەشێک دەبێت لەو باش بوونى دۆخەى کە بەشێکە لە
کێشەکانى ژنان وەک تاکێک لە کۆمەڵگەدا.
ژنى بەهێز مایەى هێزە بۆ ژنانى دیکە
لەبارەى بەهێزبوونى رۆڵ و پێگەى ژن، سوعاد سەید رەزاق ئەندامى
جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان بە دیجیتاڵ میدیاى (KNN)ى
راگەیاند، پێویستە کاربکرێت بۆ ئەوەى ژنان پشتیوانى یەکتر بکەن، چونکە ژنى بەهێز
لەناو ریزى ژناندا دەبێتە مایەى هێز بۆ ژنەکانى دیکە، کە ئەمە قۆناغى یەکەمى
کارکردنى ژنانە بۆ هاتنە پێشەوەیان، دەبێت ژن بەتوانا مەعریفى و ئەکادیمیەکانى خۆى
بەرەوپێش بچێت بۆ ئەوەى بتوانێت نمونەیەکى جیاواز پێشکەش بکات.
سوعاد سەید رەزاق پێیوایە؛ ژن ئێستا دەتوانێت بە ڕێگای جیاجیا
بێتە پێشەوە و دەسەڵات وەربگرێت، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ژن ڕەخساندویەتی
ژن نەیتوانیوە کارابێت و بێتە پێشەوە و ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت و بیرکردنەوەی کۆمەڵگە
وادەکات ژن نەتوانێت کارابێت.
ئەو ئەندامەى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان، لەبارەى
هەوڵەکانى بزوتنەوەکەى بۆ پرسى ژن دەڵێت: " بزوتنەوەی گۆڕان کار بۆ ئەوەدەکات
ژن بە توانای خۆی بێتە پێشەوە و خۆی بسەپێنێت و بەرپرسیاریەتی وەربگرێت، دەمانەوێت
ئەو ژنانەی لەناو بزوتنەوەى گۆڕانەوە دەچنە دەسەڵات، لە شوێنی خۆیان کاربکەن و بە
هێز و توانای خۆیان بێنە پێشەوە و هاوکاری یەکتر بکەن".
ژنان خاوەن رۆڵێکى گەورەن
هاوکات نازک محەمەد ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى دهۆک بۆ
دیجیتاڵ میدیاى (KNN) ئەوە دەخاتەڕوو، کە ژنان لە
هەمو بوارێکدا لە هەرێمی کوردستان خاوەن رۆڵێکى گەورەن.
نازک محەمەد کە ئەندامى
جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕانیشە، باس لە گرنگی پێدانى بزوتنەوەکە بۆ رۆڵى ژنان
دەکات و دەڵێت: "گۆڕان گرنگیەکی تایبەتیداوە بە ژنان، لەسەرکردایەتى
بزوتنەوەکەدا ژنان بە شێوەیەکى چالاک بەشدارن و لە کابینەى حکومەتیشدا لەناو
نوێنەرەکانى گۆڕاندا ژن بوونى هەیە".
ئاماژە بەوە دەکات؛ کە بێگومان
ئەم رۆڵ پێدانەى ژنان لەناو بزوتنەوەکەدا بەس نیە و دەیانەوێت رۆڵى زیاتر بە
ئافرەتان بدرێت لە بڕیاری سیاسیدا.