ئەنجومەنی قەزای هەولێری بزوتنەوەی گۆڕان یادی ڕاپەڕینی شاری هەولێر پیرۆز دەكات

11/03/2020

لەڕۆژی 11/3/1991 لەدرێژەی ڕاپەڕینی شارو شارۆچكەكانی كوردستان  لەدەست ستەم و زوڵم وزۆرداری و دیكتاتۆریەتی ڕژێمی بەعس، خەڵكی قارەمانی شاری هەولێر بەژن و پیاو و گەنجانەوە ڕژانە سەرشەقامەكان ڕاپەڕینیان بەرپاكردو توانیان لەماوەیەكی كورتدا شارەكەیان لەچنگی ڕژێمی بەعسی داپلۆسێنەر پاككەنەوە و  ڕوداوێكی گرنگیان لەمێژوی كوردو شاری هەولێردا نەخشاند، لەم یادە پیرۆزە و مێژوییەدا پیرۆزبایی لەسەرجەم هاوڵاتیانی شاری هەولێر و بەشداربوانی ئەم یادە مەزنە دەكەین و سڵاو دەنێرین بۆ ڕوحی پاكی ئەوانەی كە لەم ڕۆژەدا شەهیدبون.

ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 كە نەخشەداڕێژەكەی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بو بە پاڵپشتی جەماوەری كوردستان بەئامانجی هێنانەدی كۆمەڵێك خەون ئەنجامدرا، بەڵام لەكاتێكدا ئەم یادە پیرۆزە دەكەینەوە كە 29 ساڵ بەسەر ئەم ڕوداوە مێژوییە گرنگە تێپەڕ دەبێت و هەرێمی كوردستان خاوەنی پەرلەمان و حكومەتی خۆیەتی كەدەستكەوتی ڕاپەڕینن، بەڵام تاكو ئێستا  هەرێمی كوردستان بۆشایی بەدامەزراوەیی وبەنیشتمانی كردنی هێزەكان و نەبونی عەدالەتی كۆمەڵایەتی  پێوەدیارە وگەندەڵی دیاردەیەكی كوشندەو بەرچاوە، لەم ڕوەوە ڕایدەگەیەنین ئەركی هەمومانە كەهەوڵ بۆ بەدیهێنانی خواستەكانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و    ئامانجەكانی ڕاپەڕین و ئەنجامدانی چاكسازی بدەین و ژیانێكی خوشگوزەران و شایستە بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان دابین بكرێت.
جارێكی دیكە ئەم یادە پیرۆز دەكەین و ڕوحی شەهیدانی ڕاپەڕین  وسەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاری كوردستان شادبێت.
ئەنجومەنی قەزای هەولێری بزوتنەوەی گۆڕان
11/3/2020


هەواڵی زیاتر