سکرتێرى جڤاتى نیشتیمانى: ئامادەین بۆ هاوکارى لایەنە پەیوەندیدارەکان و پاراستنى تەندروستى هاوڵاتیان

14/03/2020

سکرتێرى جڤاتى نیشتیمانى رایدەگەیەنێت؛ بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەی هەر هەنگاو و کارێکە کە لە خزمەت هاوڵاتیان و لایەنی پەیوەندیدار بێت بۆ روبەروبونەوەی نەخۆشی کۆرۆنا، بەپێویستیشى دەزانێت میکانیزمێکى گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ هاوکارى کردنى ئەو هاوڵاتیە کەم دەرامەتانەى بژێویان لەسەر کارى رۆژانەیە و بەهۆى ئەم دۆخە لەناکاوەوە لەماڵەوەن سەرچاوەى داهاتیان نەماوە.

عەدنان عوسمان، سکرتێرى جڤاتى نیشتیمانى و ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ وەک پێشتریش لە راگەیەندراوی فەرمیدا جەختمان لێکردەوە، بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەی تەواوی هەر هەنگاو و کارێکە کە لە خزمەت هاوڵاتیان و لایەنی پەیوەندیدار بێت بۆ روبەڕوبونەوەی نەخۆشی و ڤایرۆسى کۆرۆنا و ئەم دۆخە تەندروستیە خراپەی هەرێم و ناوچەکەی گرتوەتەوە.

دەشڵێت:"بە هەمو ئیمکانیەتمانەوە لە خزمەتی دامەزراوە تەندروستیەکان و لایەنی پەیوەندیدارین بۆ پاراستنی هاوڵاتیانمان، سەرجەم هەڵسوڕاوەکانمان لە هەمو ئاستەکاندا بەشێوەیەکی خۆبەخشانە لە کاتی پێویستدا تەرخان دەبن بۆ ئەو مەبەستە و هەر لە ئێستاوە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا تەندروستیەکان و هێزەکانی ناوخۆ دەکەین بۆ هاوکاری و پێکەوە کارکردن لە پێناو پاراستنی نیشتمان و خەڵکەکەمان لەم پەتا مەترسیدارە".

هەروەک جەخت دەکاتەوە لەوەى بزوتنەوەى گۆڕان بەشداربون لە خزمەت کردن لەم پڕۆسەیەدا دەبێت بە "ئەرکێکی نیشتمانی" دەزانێت، داواش لە حکومەت و لایەنى پەیوەندیدار دەکات میکانیزمێک دابنرێت بۆ کۆمەک کردنى ئەو هاوڵاتییە کەم دەرامەتانەى بژێوى ژیانیان لەسەر کارکردنى رۆژانەیە و بەهۆى ئەم دۆخە لەناکاوەوە سەرچاوەى داهاتیان نامێنێت، "بۆ ئەوەش دەتوانرێت هەماهەنگى لەگەڵ حکومەتى فیدڕاڵ بکرێت لەرێگەى هاوکاریکردنیان بە بەشەخۆراک یان پێدانى هاوکارى دارایى لە رێگەى بنکەکانى دابەشکردنى خۆراکەوە تا تێپەڕاندنى ئەم دۆخە".


هەواڵی زیاتر