دلێر عەبدولخالق: کورد پێداگیری لە مافە دەستورییەکانی دەکات

14/03/2020

لە لێدوانێکدا، بۆ کەناڵی جزیرەی قەتەری، دلێر عەبدولخالق رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان داخوازیەکانی کورد پەیوەست بە دانوستاندن بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوی عێراق ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت "کورد پشتوانی کاندیدێک دەکات بڕوای بە مافە دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان هەبێت."

لەبەرامبەر سیناریۆکان بۆ دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پێکهێنانى حکومەت و دانوستان لەگەڵ لایەنی زۆرینەی شیعەکان. ئەوەی بۆ کورد گرنگە پابەندبونە دەستوریەکان و پێدانی شایستە ئابوری و داراییەکانى هەرێمی کوردستان و باوەڕبونە بە داخوازیەکانى کورد و سیستمى فیدراڵى لە چوارچێوەى دەوڵەتى عێراق.

دلێر عەبدولخالق بۆ (جەزیرە نێت) تەئکیدى کردەوە؛ بۆ کورد گرنگە کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەرژەوەندی عێراقیەکان و خەڵکی کوردستان لەبەرچاو بگرێت و، موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم لە ململانێی سیاسیدا بەکارنەهێنیت. هاوکاتیش دژایەتى کردنى گەندەڵى و کەمکردنەوەی دەستێوەردانی دەرەکی وەک ئەولەویەت دەبینین.

رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی، ئاماژەی بەوەشکردوە، رزگارکردنى عێراق لەو دۆخەى ناهەموارەی تێى کەوتوە پێویستی بە جێبەجێکردنى داواکارى خەڵک بۆ چاکسازی گشتگیر و لەبەرچاوگرتنی داخوازییەکانی خۆپیشاندەران و مامەڵەیەکی تەندروستی حکومەتی مەرکەزی لەگەڵ هەرێم و پێکهاتەکانى دیکەى عێراق لە چوارچێوەی دەستوردا.

ئاماژەى بەوەشکرد کە ئەو کەسەى دەبێتە کاندیدى سەرۆک وەزیران لە قۆناغی گواستنەوەدا ئەرکێکی دژواری لەسەرشانە بەتایبەت زەمینەسازی بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد کە رەنگدانەوەی خواستی عێراقەکان بێت.

 

بۆ خوێندنەوەی راپۆرتەکەی جەزیرە کلیک لێرە بکە.


هەواڵی زیاتر