بزوتنەوەی گۆڕان: رەچاوی ژیانی خەڵکی کاسبکار بکرێت
20/04/2020
خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان پێزانینى بۆ رۆڵى لایەنە پەیوەندیدارەکان لە روبەڕوبونەوەى پەتاى کۆرۆنا هەیە، بە پێویستیشى دەزانن رێوشوێنە تەندروستیەکان بەشێوەیەک بێت رەچاوى گوزەرانى ئەو هاوڵاتییانە بکرێت کە بژێویان لەسەر کارى رۆژانەیە، تایبەت بە دۆخى عێراقیش جەخت لە هاوهەڵوێستى لایەنە کوردستانیەکان دەکەن لەپێناو هاوبەشیى راستەقینە و بەدیهێنانى مافە دەستوریەکانى خەڵکى کوردستان.
د.دەرباز محەمەد، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان، رایگەیاند: ئەمڕۆ دوشەممە خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان کۆبونەوەى ئاسایى خۆى ئەنجامدا و چەند تەوەرێکى تاوتوێکرد. لەسەر ئاستى ناوخۆى هەرێمى کوردستان، پێزانیى بۆ رۆڵ و ئەرکى دامەزراوەکانى حکومەتى هەرێم و حکومەتە خۆجێیەکان دەربڕى، کە لەماوەى رابردودا لە ئەرکدا بون بۆ بەرەنگاربونەوەى پەتاى (کۆڤید19) و ئەو کۆمەک و بەخشینانەش بەرز دەنرخێنێ کە بۆ خەڵکى هەژار و دروستکردنى نەخۆشخانە و پێداویستیە پزیشکیەکانى خەڵک و دەزگاکانى حکومەت کراون.
ئەو ئەندامەی خانەی راپەڕاندن ئاماژەی بەوەشکرد بەپێویستى دەزانن؛ رێوشوێنە تەندروستیەکان بەشێوەیەک بێت کە رەچاوى بژێوى و کارى ئەو هاوڵاتى و دوکاندارانە بکرێت کە بژێویان ژیانیان لەسەر کارى رۆژانە و پڕۆژەى بچوکە.
پەیوەست بە جموجۆڵی داعش لەناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، رایگەیاند: ئارامى ئەو ناوچانەى ماوەیەکە بەهۆی جموجۆڵی چەکدارانى داعشەوە تێکچوە و کاریگەری لەسەر ژیانی خەڵک دروست کردوە، خانەى راپەڕاندن جەخت لە پێویستى دۆزینەوەى چارەسەرى ئەمنى و گرتنەبەرى رێکار و میکانیزمى گونجاو دەکات لەپێناو پاراستنى ژیان و سەقامگیرى خەڵکى ئەو ناوچانە.
لەسەر ئاستى عێراق؛ د. دەرباز محەمەد وتی: "کۆبونەوەى خانەى راپەڕاندن جەخت لەسەر پێویستى هاوهەڵوێستى و پێکەوەکارکردنى لایەنە کوردستانیەکان دەکات "لەپێناو هاوبەشیى راستەقینە و بەدیهێنانى مافە دەستوریەکانى خەڵکى کوردستان".