رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی: جەخت لە پاراستنی مافی رۆژنامەنوسان دەکەینەوە
21/04/2020
رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان لە یادی (122)هەمین ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی، پیرۆزباییەکی گەرم لە رۆژنامەنوسانی کوردستان دەکات و جەخت لەسەر پاراستنی مافی رۆژنامەنوسان دەکاتەوە.
دلێر عەبدولخالق، رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی:"روانگەی ئێمە بۆ میدیای ئازاد و داکۆکیکردن لە ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری نەگۆڕە. هەرێمی کوردستان پێویستی بە میدیا و میدیاکاری ئازادە، میدیایەک بتوانێت روناکی لە هەمو ئەو کەیس و پرسانە بدات کە مافی گشتی تێدا پێشێل دەکرێت و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی لێ دەکەوێتەوە".
رێکخەری ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان، جەختیش لەپاراستنی مافەکانی رۆژنامەنوسان لەچوارچێوەی یاسا کارپێکراوەکان کردوەتەوە و دەڵێت:"بە پێویستی دەزانین میدیاکاران پیشەیی بون بکەنە سەرمەشقی ئەرکە پیرۆزەکەیان".