4/24 لە یاد ناکەین

24/04/2020


خەڵکی خۆڕاگر و شۆڕشگێڕی پشدەر

 ئەمڕۆ 46ساڵ بەسەر کارەساتی 24/4/1974 و 38ساڵ بەسەر یەکەمین ڕاپەڕینی 24/4/1982 دەڤەری پشدەر تێدەپەڕێت، کە دواتر زۆربەی شاروشارۆچکەکانی کوردستانی گرتەوە.

ئەم کارەسات و یادە نە بە تێپەڕبوونی ساڵەکان و نە بە ئاڵوگۆڕی دۆخەکان لەبیرناکرێن و زامەکانیان ساڕێژنابێت. بەداخەوە ئەمساڵ یادەکانیان دەکەونە کاتێکەوە کە گەلەکەمان و سەرجەم مرۆڤایەتی گیرۆدەی پەتای کۆرۆنا بونەتەوە، هەربۆیە بۆ بەرز ڕاگرتنی ناتوانین هیچ گردبونەوەیەک ئەنجام بدەین.

لێرەوە، سەری ڕێزمان بۆ شەهیدانی هەردوو یادەکە دادەنەوێنین و هەمیشە یادی ئەم کارەساتە و گشت کارەساتەکانی تری گەلەکەمان لە دڵماندا بە زیندویی دەهێڵینەوە، بۆئەوەی هەرگیز دڕندایەتی داگیرکەران و خۆڕاگری دەڤەرەکەمان بیرنەچێتەوە. هیواخوازیشین بە کەمترین زیان کۆتایی بەو پەتایە جیهانیە بێت و ژیانی خەڵک  ئاسایی ببێتەوە و خەڵکی بگەڕێنەوە بۆسەر کارو کاسبی خۆیان.
داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە هاوکارییەکی باشی کەمدەرامەتان و هەموو ئە و کەسانە بکات کەلەم دۆخەدا کارەکانیان لە دەست داوە.
بەرزو بڵندبێ یادی شەهیدانی کارەسات و ڕاپەڕینی قەڵادزێ، سەلامەت و پارێزراو بێت گەلەکەمان لە گشت ناخۆشی و نەهامەتیەک.

ئەنجومەنی قەزای پشدەری بزوتنەوەی گۆڕان
٢٤ـ٤ـ٢٠٢٠


هەواڵی زیاتر