عەدنان عوسمان: پشتگیری تەواو لە فراکسیۆنەکەمان دەکەین
08/05/2020
عەدنان عوسمان، سکرتێری جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ وەک خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی بە هەمو هێزەوە پشتگیری لە فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان دەکەن و هەڵوێستی ئەوان رەنگدانەوەی سیاسەتی بزوتنەوەکەیە.
عەدنان عوسمان، کە هاوکات ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانیشە لە لێدوانێکدا بۆ (سبەی) جەختی کردەوە کە ئەوان بە توندی دژ بە هەمو هەوڵ و هەنگاوێکن بۆ لەکەدارکردنی فراکسیۆنی گۆڕان و سەرۆکی فراکسیۆنەکە.
وتیشی: فراکسیۆنەکەمان تەنها بەرنامەی گۆڕان جێبەجێ ئەکات نەک سیناریۆی ئەم و ئەو.
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ (سبەی) عەدنان عوسمان رونیکردەوە:"فراکسیۆنەکەمان لە ماوەی رابردودا و لەسەرجەم ئەو پرسانەی پەیوەست بوە بە ژیان و گوزەرانی خەڵک و چاکسازیەوە بەهەمان رۆحییەتی جاران پێشەنگ بون، وە بەتایبەتتر لەم پرسەی پارێزبەندیەدا هەڵوێستی ئازایانەو یەکلاکەرەوەیان هەبوە کە ئەوەش سیاسەتی بزوتنەوەکەیە."
ئەو ئەندامەی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان جەختی کردەوە لەوەی کە رێگە نادەن کەسایەتی سەرۆکی فراکسیۆن و ئەندامانی فراکسیۆنەکەیان بۆ مەبەستی سیاسی و نائسوڵی بخرێتە ژێر گومان و پرسیارەوە، چونکە هەمو هەنگاوەکانیان بە راوێژ و هەماهەنگی بوە لەگەڵ بزوتنەوەکە.