بەڕێوەبەرى نوێى رادیۆى دەنگى گۆڕان دەستبەکاربوو
10/05/2020
بە ئامادەبوونى ژمارەیەک لە ئەندامانى خانەى راپەڕاندن و رۆژنامەنوسانى دەزگا میدییەکانى بزوتنەوەى گۆڕان، بەڕێوەبەرى نوێى رادیۆى دەنگى گۆڕان دەستبەکاربوو.
نیوەڕۆى ئەمڕۆ یەکشەممە (10/5/2020)، لە مەراسیمێکدا (عادل عەزیز) وەک بەرێوەبەرى نوێى رادیۆى دەنگى گۆڕان دەستبەکاربوو، کە تێیدا ژمارەیەک لە ئەندامانى خانەى راپەڕاندن و جڤاتى نیشتیمانى و جڤاتى گشتى و ژوورى رۆژنامەوانى بزوتنەوەى گۆڕان و رۆژنامەنوسانى دەزگا میدیاییەکانى بزوتنەوەکە ئامادەبوون.
دلێر عەبدولخالق رێکخەرى ژوورى رۆژنامەوانى بزوتنەوەى گۆڕان، لە وتەیەکدا کە لە مەراسیمەکەدا پێشکەشى کرد، سوپاس و پێزانینى بۆ کارەکانى حەوت ساڵى رابردوى (بەهرۆز عەلى) بەرێوەبەرى پێشوى رادیۆى دەنگى گۆڕان دەربڕى و پیرۆزبایى لە (عادل عەزیز) بەڕێوەبەرى نوێى رادیۆکە کرد.
رادیۆى دەنگى گۆڕان لە مانگى سێى ساڵى (2009)ـەوە، پەخشى ئەزمونى خۆى دەستپێکردوە و لە مانگى نیسانى هەمان ساڵدا وەک دەزگایەکى هەواڵى و گەیاندنى دەنگى خەڵک، رادیۆکە رۆژانە (24) کاتژمێر لەژێر دروشمى (سەرچاوەى هەواڵ، شیکردنەوەى روداوەکان، میوزیکى رەسەن) پەخشیکردوە.
فۆتۆ / بڕیار نامیق