دلێر عه‌بدولخالق: گۆڕان له‌سه‌ر بنه‌مای پڕۆژه‌ی چاكسازی له‌ حكومه‌تدایه

11/05/2020


رێكخه‌ری ژوری رۆژنامه‌وانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ خانه‌ی راپه‌ڕاندن تیمی بزوتنه‌وه‌كه‌ی له‌ حكومه‌تی هه‌رێم راسپاردوه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، ده‌رچه‌یه‌ك بدۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ی هه‌رێمی تێكه‌وتوه‌، پێشی وایه‌ لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پێكهێنه‌ری حكومه‌ت مل ده‌ده‌ن بۆ چاكسازی.

دلێر عه‌بدولخالق، رێكخه‌ری ژوری رۆژنامه‌وانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بە رادیۆی (نه‌وا)ی رایگه‌یاند؛ له‌ دوایین كۆبونه‌وه‌یاندا خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان تیمی بزوتنه‌وه‌كه‌ی له‌ حكومه‌تی هه‌رێم راسپاردوه، له‌گه‌ڵ هێزه‌ به‌شداره‌كانی دیكه‌ی كابینه‌ی (نۆ) ده‌رچه‌یه‌ك بدۆزرێته‌وه‌ بۆ ئه‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ قوڵه‌ی هه‌رێمی گرتوه‌ته‌وه‌، به‌تایبه‌ت پرسی موچه‌ و ئه‌وه‌ی چی بكرێت خه‌ڵك كه‌مترین زیانمه‌ند بێت و حكومه‌ت به‌رپرسیارێتیی دۆخه‌كه‌ هه‌ڵبگرێت.

دلێر عه‌بدولخالق وتیشی: گۆڕان له‌سه‌ر بنه‌مای پڕۆژه‌ی چاكسازی له‌ حكومه‌تدایه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌وه‌ی به‌پێی قورسایی خۆی گۆڕانكاری بكات به‌ ئاراسته‌ی خزمه‌تكردنی خه‌ڵك.

رێكخه‌ری ژوری رۆژنامه‌وانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پێشی وایه‌ دۆخی هه‌رێمی كوردستان و عیراق نه‌خوێندراوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ بخوێندرایه‌ته‌وه‌، په‌له‌ ده‌كرا له‌ چاكسازی، به‌ڵام ئاماژه‌ی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی حكومه‌ت مل ده‌ده‌ن بۆ چاكسازی.


هەواڵی زیاتر