گۆڕان: پارتی و یەکیتی بە هاوکاری وڵاتان ساختەکارییان کردوە
02/07/2018
ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ئاشکرای دەکات کە؛ بەڵگەیان
هەیە پارتی و یەکێتی بە هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە ساختەکارییان لە
هەڵبژاردنەکاندا کردوە.
د.شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بە ئاژانسی
سپوتنیک-ی روسی راگەیاندوە؛ بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە هەرێمی کوردستان و
کەرکوک رازی نابین و رەتی دەکەینەوە و پارتی و یەکێتی ساختەکارییان کردوە.
د.شۆرش حاجی بە ئاژانسەکەی وتوە؛ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی
دیموکراتی کوردستان بەهاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە ساختەکارییان لە ئەنجامی
هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و کەرکوک بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
کردوە و بزوتنەوەی گۆڕان بەڵگەی پێویست بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکات.
رونی کردەوە؛ بە سەدان بەڵگەی پشتڕاستکەروەیان لەبەردەستدایە کە
دەیسەلمێنێت پارتی و یەکێتی لە زاخۆ-وە تا خانەقین ساختەکارییان لە
ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا کردوە.
ئاماژەی بەوە کردوە لە عێراق و هەرێمی کوردستان شتێک نەماوە بە ناوی یاساوە
و دەزگای هەواڵگریی ئەم دو حیزبە بە هاوکاریی وڵاتانی ناوچەکە
ساختەکارییەکانیان کردوە، بەڵام هەوڵ دەدەین یەکەمجار لە رێگەی یاساییەوە
مافەکانم بەدەست بێنینەوە و دواجار لەڕێگەی سیاسی و جەماوەری بزوتنەوەی
گۆڕانەوە هەوڵی گەڕاندنەوەی مافەکانمان دەدەین.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەمەریکا سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی
نوێنەرانی عێراق د.شۆڕش حاجی وتویەتی؛ بزوتنەوەی گۆڕان هیچ پەیوەندییەکی
بە واشنتۆنەوە نەکردوە، بەڵام بە بڕوای ئەو ئەمەریکا بۆی گرنگ نییە چ
لایەنێک ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکاندا کردوە، ئەمەریکا تەنها
بەرژەوەندییەکانی خۆی بۆ گرنگە.