خانەی راپەڕاندن لەگەڵ فراکسیۆنی گۆڕان کۆدەبێتەوە

19/05/2020

خانەی راپەڕاندن لەگەڵ فراکسیۆنی گۆڕان، رۆڵی ئەندامانی پەرلەمان لە چاودێری و لێپرسینەوە و بەدواداچونی کارەکانی حکومەت تاوتوێ دەکات، بە ئامانجی چاکسازیی لەسەرجەم بوارەکاندا.

ئەمڕۆ سێشەممە، لە مەکۆی سەرەکیی بزوتنەوەی گۆڕان لە شاری سلێمانی، خانەی راپەڕاندن لەگەڵ فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان کۆبونەوە، تیایدا دەستخۆشی لە پەرلەمانتاران کرا لەبەرامبەر بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان و بەدواداچون و چالاکیی و هەڵوێستەکانیان.

د.دەرباز محەمەد ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: لە کۆبونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر خەباتی پەرلەمانی و رۆڵی ئەندامانی پەرلەمان لە چاودێری و بەدواداچون و لێپرسینەوە لە دامودەزگاکانی حکومەت، لەپێناو بەرژەوەندی گشی هاوڵاتیان.

وتیشی :"خانەی راپەڕاندن و فراکسیۆنی گۆڕان گفتوگۆیان لەسەر ھەنگاوەکانی قۆناغی داھاتوی کاری پەرلەمانی کوردستان کرد و جەختکرایەوە لەسەرئەوەی کە دەبێت پەرلەمان لە دۆخێکی ئاسایی و بەرھەمھێندا ئەرکەکانی بەجێبگەیەنێ".

د.دەرباز محەمەد جەختی کردەوە کە؛ بەشداریی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتدا بە ئامانجی چاکسازییە، پێویستە فراسیۆنی گۆڕان رۆڵی خۆی بگێڕێت لە پێشکەشکردنی ئەو پڕۆژ یاسا و بڕیارانەی لە بەرنامەی ھەڵبژاردی لیستی گۆڕاندا ھاتوە، لەگەڵ ئەو بنەما و خاڵانەی کە لە کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاتوە و متمانەی پەرلەمانی وەرگرتوە، کە بنەماکەی ئەنجامدانی چاکسازییە لە سەرجەم بوارەکاندا.

لە کۆبونەوەکەدا کە، کاردۆ محەمەد رێکخەری ژوری پەرلەمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەی بو، گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێکی دیکەی تایبەت بە کارەکانی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان کرا.

فۆتۆ- بڕیار نامیق



هەواڵی زیاتر