جەمال حاجی محەمەد: دەمانەوێت پێداچونەوەیەك بكەین بەم حكومەتەدا و بەرنامەی چاكسازی بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە

04/06/2020

ئەندامێکی‌ خانەی‌ راپەڕاندنی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ تیمی حكومی ئێمە لەگەڵ تیمی یەكێتی و پارتی كۆبوەتەوە، بە ئامانجی ئەوەی دەمانەوێت پێداچونەوەیەك بكەین بەم حكومەتەدا و  كەموكوڕییەکان چارەبکەین و  بەرنامەی  چاكسازی  بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە.

جەمال حاجی محەمەد ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی‌ گۆڕان، ڕایدەگەیەنێت؛ بە داوای‌ چاکسازی‌ و بەرنامەیەکی‌ سیاسی‌ رونەوە چوینەتە حکومەت و پێویستە فشار بکەین بۆ جێبەجێکردنی‌ به‌رنامه‌ی گۆڕان و "ئەو بەرنامە چاکسازییەی‌ هەمانە بیخەینە بواری‌ جێبەجێکردنەوە".
دەشڵێت:"هەرگیز لەو بەرنامەیەی‌ هەمانبوە لاماننەداوە‌ و خۆشم شانازی بەوەوە دەكەم، رۆژێك لە رۆژان لەناو ئەم بزوتنەوەیەدا گەندەڵی نەبوە‌ و نەچوینەتە پشت هیچ حزبێك".
جەخت لەوە دەکاتەوە کە بزوتنەوەی گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی‌ ئۆپۆزسیۆن لە دایكبوە و "هەمیشە رەخنەمان گرتوە‌و كەموكوڕییەكانی دەسەڵاتمان خستوەتە بەردەست، راگەیەندنەكەشمان توند بوە چونكە خەڵك ئەوەی ویستوە لە بەرئەوەی دەسەڵاتێكی نا عادل هە و بوە خەڵك ئێستاش ئەوەی دەوێت، ئێستاش کە لە حكومەتین دەبێت لە كەموكوڕییەكانی حكومەت بێدەنگ نەبین‌ و ناشبێت بچینە ژێر هەندێك بارەوە، چونکە كە چوینەتە ناو ئەم حكومەتەوە داوای چاكسازیمان كردوە‌ و بەرنامەیەكی سیاسی رونمان هەیە‌و موافەقەتیش لەسەر بەرنامەكەمان كراوە لە ناو حكومەتدا، من وا نایبینم ئێمە بێدەنگ بوبین و پەرلەمانتار‌ و وەزیر‌و فراكسیۆنەكانمان قسەی خۆیان دەكەن".

لەبارەی‌ ئەوەی‌ لەم دۆخە سەختە داراییەدا جێبەجێکردنی‌ پڕۆژ و بەرنامەکانی‌ گۆڕان سەخت نییە، جەمال حاجی‌ محەمەد لەو دیمانەیەدا لەگەڵ (زەمەن) دەڵێت: "قورسە، بەڵام دەبێت فشار بكەین، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە چوار وەزیرمان هەیە‌ کە شەو و رۆژ لە خزمەتی خەڵكدان، کۆی‌ حکومەتیش ئامادەیی‌ نیشانداوە بۆ چاکسازی‌ و چەند جارێك تەئكیدیان لە پرۆژە چاكسازییەكەی ئێمەش كردوەتەوە".


هەواڵی زیاتر