عەدنان عوسمان: بڕیاری کەمکردنەوەی بەشێک لە موچە نەچاکسازیەو نەبەشێکە لە پلانی چاکسازی
22/06/2020
سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، گەر هەمو لایەنەکان راستگۆیانە ئەیانەوێت کەمکردنەوەی بەشێک لە موچە، تەنها بۆ مانگێک بێت و کاتی بێت، ئەبێ گوێ لە گۆڕان بگرن بۆ ئەنجامدانی چاکسازی راستەقینەو بە پەلە.
عەدنان عوسمان سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان، لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایدەگەیەنێت: بڕیاری کەمکردنەوەی بەشێک لە موچەی فەرمانبەران(کە بەکۆی دەنگی هەمو لایەنە بەشداربوەکانی حکومەت دراوە) دڵخواز و ویستی ئێمە نیە.وەک گۆڕان لە ۲٠٠۹ تا ئێستا لەگەڵ بەرزکردنەوەی لانی کەمی موچەو کەمکردنەوەی لانی زۆری پلە باڵاکانین. بەڵام ئەوەی کراوە: نەچاکسازیەو نەبەشێکە لە پلانی چاکسازی.
سکرتێری جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەشڵێت؛ئەوەی دوێنێ شێوازی پێدانی موچەی ئەم مانگەیە نەک هەنگاوەکانی چاکسازی. بۆیە دەبێ ئەو دوو شتە لەیەک جیابکرێنەوە.گەر هەمو لایەنەکان راستگۆیانە ئەیانەوێت ئەمە تەنها بۆ مانگێک بێت و کاتی بێت، ئەبێ گوێ لە گۆڕان بگرن بۆ ئەنجامدانی چاکسازی راستەقینەو بە پەلە.