د.دەرباز محەمەد: بزوتنەوەی‌ گۆڕان بە قەبارەی‌ بەشداریکردنەکەی‌ لە حکومەت بەرپرسیارە

25/06/2020

ئەندامێکی‌ خانەی‌ راپەڕاندنی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان ڕایدەگەیەنێت: ئەوەی‌ بەرپرسیارێتی‌ بەڕێوەبردنی‌ حکومەتی‌ دەکەوێتە ئەستۆ، یەکێتی‌ و پارتیە، بزوتنەوەی‌ گۆڕان دوو جار بەشداری‌ حکومەتی‌ کردوە و بە قەبارەی‌ بەشداریکردنەکەی‌ بەرپرسیارە، ئێستاش لە هەوڵەکانی‌ بۆ باشکردنی‌ دۆخەکە بەردەوامە و پێداگرە لەو چاکسازیە گشتگیرەی‌ کە بووەتە بنەما بۆ رێککەوتنەکانی‌.

د.دەرباز محەمەد ئەندامی‌ خانەی‌ راپەڕاندنی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ  KNNC رایگەیاند: ئەوان وەک بزوتنەوەی‌ گۆڕان، لەگەڵ یەکێتی‌ و پارتی‌ بەردەوام جەختیان لەسەر دوو خاڵ کردوەتەوە و پێیانوتون،  ئەم نەهامەتیەی‌ ئێستا هەیە ئێوە لێی‌ بەرپرسیارن و ئەوە گۆڕان نییە کە لە رابردودا حوکمی‌ کردبێت، دوەم: ئێستاش قورسایی‌ گەورە لە پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵات، لای‌ یەکێتی‌ و پارتیە.

وتیشی‌: "لەگەڵ یەکێتی‌ رێککەوتنی‌ بەڕێوەبردنی‌ حکومەتی‌ خۆجێیمان هەیە و لە گفتوگۆدابووین بۆ ئەوەی‌ کارەکان باشتر بەرەو پێش بچن، بەڵام بەداخەوە زیاتر لە مانگێکە یەکێتی‌ لەو بابەتە بێدەنگ بوون".

سەبارەت بە دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان د.دەرباز محەمەد ڕایگەیاند: لە هەفتەی داهاتوەوە سەردانی کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتوی ئیسلامی و پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن بۆ تاوتوێکردنی بۆچونی لایەنەکان و گۆڕانکارییەکان.

سەبارەت بە دانوستانەکانیش لەگەڵ بەغدا، ئەو ئەندامەی خانەی راپەڕاندن دەشڵێت، حکومەتی عێراق و هەرێم سورن لەسەر ئەوەی بەرەو رێککەوتن بڕۆن و لەروی سیاسیشەوە کەشەکە لەبارە، بەڵام لە وردەکارییەکاندا کێشە هەیە و ئەگەر ئەو گرفتانە چارەسەر بکرێت، دەکرێت بگەنە رێککەوتن.


هەواڵی زیاتر