لێدوانێک لە ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە
25/06/2020
ئەمرۆ، پێنجشەمە (٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠) رۆژنامەنوس هێمن مامەند زانیارییەکی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردۆتەوە، کە گوایە پارتی بیست ملیۆن دۆلار قەرزی بزوتنەوەی گۆڕان دەداتەوە.
لەو بارەیەوە، پێویستە بڵێین:
یەکەم: سەرتاپای زانیاریەکە ناڕاستە و جگە لە بوختان و چەواشەکاری هیچی تر نیە.
دوەم: بزوتنەوەی گۆڕان لە پێناو هەنگاونان بەرەو چاکسازی راستەقینە بەشداری ئەم کابینەیەی حکومەتی کردوە. مانەوەو نەمانەوەی تەنها بەندە بەجێبەجێ کردنی کارنامەی کابینەکەوە.
سێیەم: بزوتنەوەی گۆڕان بەردەوام قەڵایەکی پۆڵاین بوەو دەبێت بۆ داکۆکیکردن لەئازادی رادەربڕین و کاری رۆژنامەنوسی، بەڵام بەهۆی بەردەوامی هێرشە ناڕەواکان کە دیارە بەمەبەستی سیاسیی ئاراستە دەکرێن، وە لە پێناو دەرکەوتنی راستیەکان بۆ خەڵکی کوردستان، ناچارین لە هەفتەی داهاتوەوە لە رێی ژوری یاساییەوە سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو بوختان و زانیارییە چەواشەکاریانە تۆمار بکەین. هیوادارین لەچوارچێوەی رێزگرتن لە ئازادیەکان و راستگۆیی کاری میدیایی، ئەو بەڕێزانە بەڵگەکانیان بخەنە بەردەم دادگاکان.