شەماڵ عەبدولوەفا: قۆناغی دوەمی پڕۆژەی چاکسازی گەڵاڵەکراوە
29/06/2020
ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایدەگەیەنێت؛ کۆبونەوەکانیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە ئامانجی گفتوگۆکردنە لەسەر پڕۆسەی چاکسازی و ئێستاش قۆناغی دوەمی پڕۆژەی چاکسازی گەڵاڵەکراوە بۆ ئەوەی رەوانەی پەرلەمان بکرێت، دەشڵێت: پێشنیاز خراوەتەڕو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی.
شەماڵ عەبدولوەفا، ئەندامی خانەی راپەڕاندن رایگەیاند؛ ئەو سەردانانەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ لای لایەنە سیاسییەکان دەستیپێکردوە، بە ئامانجی هەماهەنگی و تاوتوێکردنی هەوڵەکانی چاکسازی و جێبەجێکردنی یاساکەیە، لەگەڵ خستنەڕوی پێشنیاز بۆ کۆبونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ئەو دو لایەنە.
وتیشی: "نزیکبونەوەی پارتی و یەکێتی جۆرێک لە سەقامگیری لە هەرێم دەستەبەر دەکات، بزوتنەوەی گۆڕان دو مانگ پێش ئێستا لەرێگەی رێکخەری گشتییەوە داوایکرد کە پێنج لایەنە سەرەکییەکە یاخود سێ لایەنی پێکهێنەری حکومەت کۆببنەوە، بەڵام هەوڵەکان بێ ئاکام بون، هەروەها لە ماوەی رابردودا جارێکی دیکە پێشنیاز کرا بە کۆبونەوەی لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەی دید و بۆچونی هاوبەشی لایەنە سیاسییەکان بە نوێنەری هەرێم بدرێت لە گفتوگۆکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق، دەرەنجام ئەوەش بێ ئاکام بو".
ئەو ئەندامەی خانەی راپەڕاندن، بونی جیاوازیی نێوان حیزبەکان بە شتێکی سروشتی دەزانێت بەڵام پێیوایە لایەنە سیاسییەکان دەبێت لەبەرامبەر ئێران و تورکیا و عێراق خاوەنی یەک گوتاری هاوبەش بن.
شەماڵ عەبدولوەفا لە دیمانەیەکدا لەگەڵ (روداو)بارەی کۆبونەوەی نێوان یەکێتی و گۆڕان باسی لەوەکرد، بڕیارە رۆژی چوارشەممە وەفدێکی یەکێتی سەردانی گۆڕان بکات و ئەوەش هەنگاوێکی ئیجابی و دڵخۆشکەرە، تاوتوێی دۆخی سیاسی و رێککەوتنی حکومەتی خۆجێی دەکرێت و بڕیارە فەرمانی دەستبەرکاربون بۆ جێگرانی پارێزگاری هەڵەبجە و سەرۆکانی هەردو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دەربچێت کە لە پشکی گۆڕانن، کە ئەوەش هەنگاوێکی ئیجابییە بە ئاڕاستەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان هەردولا.
سەبارەت بە یاسای چاکسازی، ئەو ئەندامی خانەی راپەڕاندن دەڵێت: چاکسازی پڕۆسەیەکی ئاسان نیە، چونکە لەو نێوەندەدا زۆرێک لە کادیر و ئەندامی هەردو حیزب هەیە کە بەشێک دەبن لە پڕۆسەکە، بۆیە دەبێت لێکتێگەیشتن دروست بکرێت بۆ هەنگاونان بۆ جێبەجێکردنی یاساکە، وتیشی؛ ئەوەی بەلای گۆڕانەوە گرنگە و جەختی لێ دەکەینەوە، پرسی چاکسازیکردنە لە بواری گومرگ و داهات و نەوت و پەیوەندییەکان و پێشمەرگە.
رونیکردەوە، قۆناغی دوەمی یاسای چاکسازی کە پەیوەستە بەو بابەتانەوە، گەڵاڵەکراوە و رەوانەی پەرلەمان دەکرێت، لەبارەی گرفتی گومرگەکان و بونی کۆمپانیاکانی یەکێتی و پارتییەوە، شەماڵ عەبدولوەفا وتی: وەزیری دارایی بە ئامار و ژمارە راپۆرتی لەوبارەیەوە خستوەتە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و پارتی و یەکێتی، هەردولا ئاگاداری دۆخەکە و وردەکارییەکانی قاچاخچێتی لە دەروازە سنورییەکانن.
لەبارەی پرسی لامەرکەزییەتەوە، ئاماژەی بەوەکرد، کە وەکو گۆڕان لە سەرەتای دروستبونییەوە جەخت لەسەر پرسی لامەرکەزییەت کراوە بە سەرجەم شێوەکانییەوە، راشیگەیاند؛ گۆڕان لەگەڵ دو مەرکەزیی نیە، بەڵکو لەگەڵ فرە مەرکەزییە و هەروەها جەخت لە پاراستنی کیانی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە.
(سبەی):