جێگرى سەرۆکى هەرێم: جێبەجیکردنی دەستور چارەسەری ڕیشەیی کێشە و ئاڵنگارییەکانە

02/07/2024

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسی نوسینگەی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان، بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکات و جەخت دەکاتەوە لە پێویستى جێبەجیکردنی دەستور وەک چارەسەری ڕیشەیی کێشە و ئاڵنگارییەکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.


ئەمڕۆ سێشەمە (٢/ ٧ / ٢٠٢٤)، مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر پێشوازی لە تۆلگید بک، بەرپرسی نوسینگەی یەکێتی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان کرد و لە دیدارێکدا، بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابوری هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیان تاووتوێکرد، بەرەوپێشچونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و پرسی موچە جەختی لێکرایەوە، هەردولا هاوڕابوون لەسەر جێبەجیکردنی دەستوری عێراق وەک چارەسەری ڕیشەیی کێشە و ئاڵنگارییەکان.

دواتر بیروڕا سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و گۆڕانکاری سیاسی لە داهاتودا ئاڵوگۆڕکرا.

جێگری سەرۆکی هەرێم ستایشی پلان و کار و پرۆژەکانی یەکێتی ئەوروپای کرد لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە گرنگیدان بە سێکتەری پۆلیس و کردنەوەی خولی راهێنان، هەروەها جەختی لە بایەخدان بە کوالیتی کۆنترۆڵ و سیستەمی بانکی کردەوە بەئامانجی پێشکەوتن و خزمەتکردنی هاوڵاتیان.


هەواڵی زیاتر