زانا رەحمان: بە ویژدانێکی ئاسودەوە پۆستەکەم بەجێدەهێڵم ئەوەی پێم کرا درێخیم نەکرد

21/07/2024

قائیمقامی قەزای پێنجوێن دوای (10) ساڵ خزمەتکردن و داکۆکى کردن لە داواکارییەکانى خەڵکى سنورەکە، دەستبەرداری پۆستەکەی بو. و بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز بەکاتی لە شوێنەکەی دانرا.

زانا رەحمان دوای (10) ساڵ لە قائیمقامی قەزای پێنجوین لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆڕان، لەسەر خواستی خۆی دەستبەرداری پۆستەکەی بو، ئەمڕۆ یەکشەممە (21/7/202)، هێمن ئیبراهیم بەڕێوەبەری ناحیەی ناڵپارێز بەشێوەیەکى کاتى وەک قائیمقامی نوێ دەستبەکاربو.

زانا رەحمان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوەکرد کە ئیدارەدانی سنوری قەزاى پێنجوێن کارێکی سەختە و هەوڵی زۆریداوە کە بەداهاتی ناوچەکە خزمەتی دانیشتوانی پێنجوێن بکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم بەبیانوی قەیرانی دارایی داواکارییەکانی جێبەجێنەدەکرد.

وتیشی: نە خیانەتی سەربازی نە کۆمەڵایەتی نە ئەمنی نە نیشتیمانی نەکردوە، بۆیە ئاسودەم کە خیانەتەم لە پۆستەکەم و پێنجوێنیەکان نەکرد و لەماوەی ئەم 10 ساڵە بەردەوام لە خەمى خەڵک و قەزاکەدا بوە و هەوڵیداوە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بخرێنەگەڕ.

زانا رەحمان کە لە پشکى بزوتنەوەى گۆڕان قائیمقامى پێنجوێن بو، سەرەتاى ساڵی ڕابردو لەسەروبەندى خۆپیشاندانى خەڵکى قەزاکە و وەڵامنەدانەوەى حکومەت، دەستلەکارکیشانەوەى پێشکەشکرد، بەڵام هاوڵاتیانى سنورەکە رەتیانکردەوە دەستلەکاربکێشێتەوە و گەڕاندیانەوە باڵەخانەى قائیمقامیەت بەوپێیەى ئەو بەرپرس نەبو لە کێشەکان و وەڵامنەدانەوە و جێبەجێنەکردنى داواکارییەکان، دواى خۆپیشاندانەکانیش لە دیمانەیەکدا جەختى لەوە کردەوە کە "بزوتنەوەى گۆڕان لە روى مەعنەوییەوە هاوکارو پاڵپشتمان بوە، هەرگیز داواکارى نایاساییان لێ نەکردوم، تەنانەت لایەنەکانى دیکە پێمان دەڵێن ئێوە لە گۆڕان ئازادتر و دەستکراوە ترن لەکارکردن، لەگەڵ ئەوەشدا بزوتنەوەى گۆڕان سەرى بەرزە بە نوێنەرەکانى لە ئیدارەى خۆجێیدا".


هەواڵی زیاتر