مستەفا سەید قادر: جەخت لە یەکگوتاری نیشتیمانی و یەکخستنی هێز و داهات و حکومڕانیەکی دامەزراوەیی دەکەینەوە

20/08/2024


 ئەمڕۆ ، سێشەممە (٢٠ / ٨ / ٢٠٢٤)، مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر پێشوازی لە ستێڤ بیتنەر، کونسوڵی گشتی نوێی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد و لە دیدارێکدا، پیرۆزبایی دەستبەکاربون و پاڵپشتی لە ئەرکە نوێیەکەی و  هیوای سەرکەوتنی بۆ کونسوڵی نوێی ئەمریکا خواست.

هەر لە دیدارەکەدا، بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا سەبارەت بە ئاڵۆزی هەلومەرجی سیاسی و ئەمنی هەرێمی کوردستان و عێراق و سەقامگیری ناوچەکە جەختی لێکرایەوە، لاى خۆیەوە جێگری سەرۆکی هەرێم دوپاتیکردەوە کە ئەزمونەکانی ڕابردوو دەریخست لەو قۆناغانەی کورد یەکدەنگ بوە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، بۆیە بە بایەخەوە جەختى لە گرنگی یەکگوتاری نیشتیمانی و یەکخستنی هێز و داهات و سڕینەوەی دوو ئیدارەیی و حکومڕانیەکی دامەزراوەیی کردەوە. 

دواتر بە دورو درێژی گرنگی پرۆسەی هەڵبژاردن و گۆڕانکاری سیاسی خرایە بەرباس، هەردولا جەختیان لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و هیوایان خواست پرۆسەیەکی پاک و بێگەرد و سەرکەوتوو بێت، وەک خاڵێکی بەهێزکردنەوەی دامەزراوەکان و پاراستنی قەوارەی دەستوری هەرێم ناوزەدکرا و بەردەوامی  و فراوانکردنى پەیوەندییەکانى نێوان هەردولا بە گرنگ زانرا.


هەواڵی زیاتر