وێنە؛ کۆڕى (کەرکوک لە گێژاوى ململانێى سیاسیدا) لە مەکۆى سەرەکى
17/08/2024
ئەمڕۆ
شەممە (١٧ى ٨ى ٢٠٢٤)، لە درێژەى کار و چالاکییەکانى ژورى رۆژنامەوانى بزوتنەوەى
گۆڕاندا کۆڕى (کەرکوک لە گێژاوى ململانێى سیاسیدا) بۆ ئاوات محەمەد ئەمین، ئەندامى
پێشوى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک و چاودێرى سیاسى، بە ئامادەبونى ژمارەیەک لە
هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازان و تیمى حکومەتى هەرێم و حکومەتى خۆجێى بەڕێوەچو.
ئاوات
محەمەد ئەمین، لە کۆڕەکەدا بە وردى تیشکى خستە سەر باكگراوندی ململانێ سیسیەكان لە
کەرکوک تا دۆخى ئیستاى شارەکە و گۆڕانکارییەکان و لێکەوتەى جێبەجێ نەکردنى مادەى (140)ى
دەستور و وتى: لە دوای ساڵی (٢٠٠٣)وە لەنێوان یەكێتی و پارتی دەركەوت ململانێ هەیە
لەلایەک و لەلایەکیش ململانێى کورد لەگەڵ پێكهاتەكانى دیکەى شارەکە، بەڵام گرفتەکە
لەوەدایە هەندێکجار ململانێى نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی بەڕێوەبەرێک
گەیشتوەتە ئاستی جوڵاندنی هێز بەرامبەر یەکتر.
ئاماژەى
بەوکرد لە چەند ساڵى رابردودا ململانێى توندى لایەنە سیاسى و پێکهاتەکان هۆکار بو
بۆئەوەى دۆخى ئارامى شارەکە بەرەو بارگرژی و ئاڵۆزى و توندو تیژی بڕوات، لەگەڵ
هەمو ئەو دۆخەدا لێکەوتەکانى ئەنجامدانی ریفراندۆم و (١٦)ی ئۆكتۆبەر لە لە زیانى
کورد و دۆزەکەى بو لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیە دابڕێنراوەکان تا ئەوەی لە (٢٠١٩)دا
پارێزگارێك سەپێندرا.
پەیوەست
بە دۆخى ئیستاى شارەکە و ئەو رێککەوتنانەى لایەنە کوردیەکان بە جیا لەگەڵ هەندێک
لە پێکهاتەکانى دیکە ئەنجامیاندا، ئاوات محەمەد جەختى کردەوە لەوەى کە پێویست و لە
بەرژەوەندى کورد بو لایەنە کوردییەکان لەژێر یەک چەکتر و کارى پێکەوەییان
بکردایە و رونى کردەوە لە رابردودا ئەجێندا
و بەرنامەى بزوتنەوەى گۆڕان ئەوەبو كە بۆ چارەسەری دۆخی كەركوك و ناوچە كوردستانیەكان
و كەركوك پڕۆژەی نیشتمانى هەبو بەڵام لایەنەکانى دیکە بەدەمیەوە نەهاتن،
"ئێستاش ئەو رێككەوتنانەی كراون دەستى ئەنجومەنی بەستوە چ پرۆسەی سیاسی چ لە پشکی
كوردیش لە بەڕێوەبردن بەتایبەت کە پەیوەندی یەكێتی و پارتی ئێستا لە كەركوك لە خراپترین
ئاستیدایە، مەترسیەکە لەوەدایە کە چۆن بەهۆی سیاسەتی هەڵە و ململانێی پارتی و یەكێتی
كورد لە نەینەوا دۆڕاوە، ئەم رێككەوتن و ململانێیانەى یەکێتى و پارتى لە كەركوكیش بۆ
كورد خراپە".