دلێر عەبدولخالق: بزوتنەوەى گۆڕان لە قۆناغى داهاتو بەرەو بەهێزبونى وەک لایەنێکى ئۆپۆزسیۆن هەنگاو دەنێت
28/09/2024
وتەبێژى بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند؛ گۆڕان لە هەر شوێنێک بێت بۆ خزمەتى گشتى کار دەکات و جەختیشى کردەوە کە لە ماوەى دەستبەکاربونى رێکخەرى گشتى دەستورێکى نوێ بۆ بزوتنەوەکە دەنوسرێتەوە.
دلێر عەبدولخالق، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا رایگەیاند؛ ئەمڕۆ لە مەراسیمێکدا رێزلێنان بەخشرایە بەڕێز عومەر سەید عەلى و هاوکات دانا ئەحمەد مەجید وەک رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان بە وەکالەت لە هۆڵى شار لە پارکى ئازادى شارى سلێمانى کە شوێنێکى گشتییە و بۆ خزمەتى گشتییە بەڕێوەچو.
لەبارەى هەڵبژاردنى هۆڵى شار کە شوێنێکى گشتییە، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان وتى: ئامانج لە هەڵبژاردنى ئەم شوێنە ئەوەیە کە بزوتنەوەى گۆڕان هێزى خەڵک و هێزى دەنگدەرە، گۆڕان لەناو ناوەندکانى خوێندن؛ خوێندکاران پشتیوانیان لێکرد، لە بازاڕ کاسبکاران پشتیوانیان لێکرد؛ سەرمایەدارى نیشیمانى پارەدارى کرد؛ رۆشنبیر و رۆژنامەنوس و میدیاکاران پشتیوانیان کرد؛ خەڵک پشتیوانیان کرد؛ ئافرەتان و گەنجان و هەمو چین و توێژەکان پشتیوانیان بو، ئەم شوێنەمان هەڵبژاردوە مەبەستمان ئەوەیە گۆڕان لە هەر شوێنێک بێت ئەوە پانتایی گشتییە بۆ خزمەتى گشتى.
ئاماژەى بۆ ئەوەکرد کە، بەداخەوە لە روداوەکانى چەند رۆژى رابردوى بزوتنەوەکە دەڕوانن و وتى: رۆژێک بیرمان لەوە نەکردوەتەوە لەناو روداوى لەم بابەتەدا بین، بەڵام ئێمە پشتئەستور بە خەڵکى کوردستان بە گۆڕانخوازان و بەو ژمارە بەرفراوانە دەنگدەرەى کە لە هەڵبژاردنەکانى پێشوتر بایکۆتى هەڵبژاردنیان کرد و زللـەى میهرەبانیان دا لە گۆڕان و دەنگیان بە گۆڕانیش نەدا، ژمارەیەک ماوە کە کاندیدەکانى لیستى 114ـى بزوتنەوەى گۆڕان لە پارێزگاى هەولێر سلێمانى هەڵەبجەـ، دهۆک ئیدارەکانى سۆران زاخۆ و گەرمیان سەربخات، ئێمە بە ئومێدەوە لەو دۆخە دەڕوانین.
وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان لەبارەى بڕیارى داخستنى دەرگاى مەکۆى سەرەکى بزوتنەوەى گۆڕان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند؛ هەرکەسێک لەپشت بڕیارى داخستنى دەرگاى مەکۆى سەرەکى بێت، بەڕوى هاوڕێکانى کاک نەوشیروان مستەفا گۆڕانخوازان و هەڵسوڕاوان، بڕیارێکى هەڵەى داوە ئەو شوێنە شوێنێکە بۆ پانتایی گشتى، نە ئەمڕۆ و نە هیچ کاتێک نابێت بە موڵکى تایبەتى.
جەختیکردەوە کە ئەوان چاویان لە موڵکى رەوانشاد، نەوشیروان مستەفا نییە، بەڵکو چاویان لە روانگەى کاک نەوشیروانە بۆ خزمەتکردنى بزوتنەوەى گۆڕان لە وتارى رێکخەرى پێشوى بزوتنەوەى گۆڕان و لە وتارى رێکخەرى ئێستاى بزوتنەوەى گۆڕان بە وەکالەت بە رونى هاتبو کە نەخشەڕێگاى بزوتنەوەى گۆڕانى تیایە.
وتیشى: بزوتنەوەى گۆڕان قۆناغى داهاتو بەرەو بەهێزبونى وەک لایەنێکى ئۆپۆزسیۆن هەنگاو دەنێت، بتوانێت ئەو پەرتەوازەبونەى لەناو ماڵى ئۆپۆزسیۆندا بو ئەو کش و ماتییەى لەناو بازاڕ و شەقامەکان هەبون کە وەک پێویست دەنگى ناڕەزایەتیی نەدەگەیشت بتوانین نوێنەرایەتى خەڵک بکەین وتیشى:" داواى لێبوردن لە میللەتەکەمان دەکەین لە هەر قۆناغێک لە قۆناغەکان هەڵەیەکى سیاسیمان کردبێت، خەڵکمان بێ ئومێد کردبێت هیوادارین دەرفەتێک بە بزوتنەوەى گۆڕان بدرێت کە لەم قۆناغەوە بتوانین هەمومان بەیەکەوە بزوتنەوەى گۆڕان سەربخەین".
دلێر عەبدولخالق لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا جەختیکردەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان هەر لە گردەکەوە سیاسەتى پێناکرێت، دڵ و دەرونى خەڵک لەگەڵ گۆڕانکارییە لەگەڵ ئەو لایەنانەیە کە بە راستى دەتوانن نوێنەرایەتى ئەو گۆڕانکارییانە بکەن، وتى: زنجیرەیەک چاکسازیی لە کاروبارى ئیداریی و کاروبارى سیاسی کاروبارى کارگێڕى و یاسایی ئەنجام دەدرێت.
وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان ئەم هەنگاوانەى بە گۆڕانکاریی بەهێزبونەوەى بزوتنەوەى گۆڕان ناوبرد و وتى: داوامان ئەوەیە هەمو ئەو هاوڕێ و سەرکردە و کاراکتەرانە ئەو گۆڕانخوازانە ئەو خەڵکانەى رۆژێک لە رۆژان دەنگیان بە ئێمەداوە لەقۆناغى رابردودا لەبەر هەر هۆکارێک لە هۆکارەکان دەنگیان پێنەداوین، ئێستا بزوتنەوەى گۆڕان بە روانگەیەکى نوێوە بەستراتیژێکى نوێوە بە گۆڕانکاریکردن لە گوتارى سیاسیى لە هەڵوێستەکانى لەناو هەرێمى کوردستان لە بەغداد و ناوچەکە دێتەوە پێشەوە و هیوادارین بتوانین میللەتەکەشمان دەرفەتمان پێبدات پشتیوانى خوداى گەورەشمان لەگەڵ بێت کە ئەم قۆناغەش تێپەڕێنین.
جەختیشیکردەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان لە رابردودا هەڵەى کردوە و هەندێک هەڵەى ئەنجامداوە و خەڵک سزاى داوە، بەڵام هەرگیز بزوتنەوەى گۆڕان خیانەتی نەکردوە.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، دلێر عەبدولخالق، وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان وەڵامى بەشێک لە پرسیارەکانى رۆژنامەنوسانى دایەوە و رایگەیاند؛ هۆکارى ئەوەى بەپێی رێکارە دەستورییە ناوخۆییەکانى بزوتنەوەى گۆڕان رێکخەرى گشتى و خانەى راپەڕاندن لەناو جڤاتى نیشتیمانى هەڵنەبژێردراون ئەوەیە کە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رێگەى نەداوە، هەربۆیە ئەو دەرفەتەیان بە گۆڕاندا کە کەسى یەکەم لەڕێگەى وەکالەتنامەیەکەوە دەسەڵات ببەخشێت بە کەسێکى دیکە تا لەماوەى شەش مانگدا گۆڕان بتوانێت بەشدارى هەڵبژاردن بکات و ئەو کەسە کۆنفرانسى سێهەمى بزوتنەوەى گۆڕان ببەستێت و لەناو کۆنفرانسى سێیەم دەستورى ناوخۆیی بزوتنەوەکە بەشێوەیەک دابڕێژرێتەوە کە تەبا بێت لەگەڵ یاسا کارپێکراوەکانى حیزبەکان لە عێراق.
جەختیشیکردەوە کە رەتکردنەوەى هەڵبژاردنى رێکخەرى گشتى نوێ نە بەقسەى چەند کەسێکە و نە بەقسەى ئەوانیشە، بەڵکو شوێنێک لە عێراق بەرپرسە کە ئەویش کۆمیسیۆنە، ئەوانن ئەو رێکارەیان فەرز کردوە نەک ئەوان، بۆیە کێ پێی وایە نایاساییە با بچێت بۆ بەغداد نایاساییبونى بسەلمێنێت.