دلێر عەبدولخالق: هاوڵاتییانى هەرێمى کوردستان چیتر هەست بە ئارامیی ناکەن
24/08/2024
وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان رایدەگەیەنێت: سەرجەم قوربانییەکانى هێرشەکەى
دوێنێ هاوڵاتیی سیڤیل و رۆژنامەنوسن و جەختیش لە پێویستى دانانى سنورێک دەکاتەوە
بۆ ئەو هێرشانەى دەکرێنە سەر ئاسایشى نیشتیمانى هەرێمى کوردستان و عێراق.
ئەمڕۆ شەممە (٢٤ى٨ى٢٠٢٤)، دوای بەشداریكردنی عومەر سەید عەلی و شاندێكی
بزوتنەوەی گۆڕان لە پرسەی قوربانییەكی هێرشە درۆنییەکەى دوێنیی سنوری سەیدسادق،
دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:
بزوتنەوەی گۆڕان بەتوندی ئیدانەی هێرش و پەلامارەكانی توركیا بۆسەر خاك و
هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەكات كە چەند ساڵێكە درۆن و فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای
توركیا سنوری خاكی هەرێمی كوردستان دەبەزێنن و خەڵكی سڤیل بەئامانج دەگرن.
دەشڵێت: دوێنێ سوپای توركیا بەدرۆن هێرشی كردوەتە سەر ئۆتۆمبێلێك كە
بەهۆیەوە دو رۆژنامەنوس شەهید بون و ژمارەیەك هاوڵاتی مەدەنی دیكە برینداربون،
بۆیە بزوتنەوەی گۆڕان ئەم كەیسە بە تیرۆر دەبینێت، چونكە دو شەهیدەكە كەسایەتی
ناسراوی ناو میدیای كوردی بون.
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لەبەرئەوەی ئۆپراسیۆنەكان
خەڵكی مەدەنی بەئامانج دەگرێت كە لەنێویاندا رۆژنامەنوس هەیە، پێویستە بازنەی
ناڕەزاییەتەكان فراوانتر بكرێت، پارتە سیاسییەكان، رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی
كەسایەتی و ئازادیخوازان دەنگ هەڵبڕن، هەروەها رەوەندی كوردی رۆڵی خۆی لە
گەیاندنی ناهەقییەكان بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رۆڵی خۆی بگێرێت.
دلێر عەبدولخالق رونى دەکاتەوە؛ خەڵكی هەرێمی كوردستان بەگشتی و
بەتایبەتی دانیشتوانی ناوچە سنورییەكان، هەست بە نا ئارامی دەكەن، بۆیە پێویستە
هەردو حكومەتی هەرێم و عێراقی فیدراڵ، سنورێك بۆ پێشێلكارییەكان و هێرش كردنە سەر
خاكی هەرێمی كوردستان دابنێن؛ بەپێچەوانەوە ژمارەی هێرشەكان و قوربانییەكان زیاتر
دەبن.